ماریا کۆرینا ماچادۆ: خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشکەشی ترەمپ دەکەم

گوتەبێژی کۆشکی سپی بەهۆی نەبەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنە لە لیژنەی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە دەگرێت، هاوکات براوەی خەڵاتەکەش دەڵێت: بەهۆی پشتیوانییە بەردەوامەکەی، نۆبڵی ئاشتی پێشکەشی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم.
هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025،ستیڤن چیونگ، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی، کۆتاییهێنان بە جەنگەکان، و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت: ئەو دڵێکی باشی هەیە و کەسێکی مرۆڤدۆستە و هەرگیز کەسێکی وەک ئەو نابێت کە بتوانێت بە هێزی ئیرادەی خۆی هەموو ئاستەنگەکان تێبپەڕێنێت و کاری ئەستەم بکات؛ "لیژنەی نۆبڵ سەلماندیان کە سیاسەت لە سەرووی ئاشتی دادەنێن."
لایخۆیەوە، ماریا کۆرینا ماچادۆ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەم ڕێزلێنانە لە ئەنجامی خەباتی هەموو ڤەنزوێلییەکان و پاڵنەرێکە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەمان و بەدەستهێنانی ئازادی.
دەشڵێت: "ئێمە لە سەرکەوتن نزیکین و ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک، پشت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گەلی ئەمەریکا، گەلانی ئەمەریکای لاتین و وڵاتە دیموکراتییەکانی جیهان وەک هاوپەیمانی سەرەکیمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی دەبەستین.
هەروەها نووسیویەتی: من ئەم خەڵاتە پێشکەش بە گەلی ستەملێکراوی ڤەنزوێلا و ترەمپ دەکەم بۆ پشتیوانییە یەکلاکەرەوەکەی لە دۆزەکەمان.
هەر ئەمڕۆ هەینی، ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی پارتی بەرهەڵستکاری ڤەنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی2025ی پێبەخشرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوونی بێوچانی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤەنزوێلا، بەهۆی خۆڕاگری لە بەرانبەر سەرکوتی سیاسیدا ناوی "خاتوونی پۆڵاینی" ی لێنراوە، دوای هەڕەشەکانی دەستگیرکردن زیاتر لە ساڵێک لە دەربەدەریدا بووە.