ڕاوێژکارێکی عێراقی هەشت خاولی و کۆمەڵێک کەلوپەلی دیکەی هۆتێلێک دەبات

زەینەب عەکلە عەبد
زەینەب عەکلە عەبد

عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن نووسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە و سکاڵایەکی هۆتێل ڤێرمۆنتی لەگەڵ هاوپێچ کردووە، بەپێی سکاڵایەکە ڕاوێژکار (زەینەب عەکلە عەبد) بە بردنی کەلوپەلی هۆتێل تۆمەتبار کراوە.

لە سکاڵاکەدا هاتووە، کاتێک ئەو ڕاوێژکارە ویستوویەتی هۆتێل جێبهێڵت زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لێیانداوە، هەرچەندە داوایان لێ کردووە جانتاکانی بکاتەوە و پشکنینی بۆ بکەن، بەڵام ناوبرا دەستی بە هاتوهاوار کردووە و گوتوویەتی من دیپلۆماسییەکی عێراقیم، هەر بۆیە لە پێناو ئەوەی باڵیۆزخانەی عێراقی نەخەنە ئیحراجییەوە هۆتێلەکە ڕێگەیان بە ڕۆشتنی داوە. 

هەروەها دواتر ئامێری پشکنین دەریخستووە لە ژووری ئەو ڕاوێژکارە ئەمانە دیارنەماون: شەش خاولیی دەموچاو، دوو خاولیی حەمام، پەرداخ، کاتژمێر، کۆنتڕۆڵ و کەلوپەلی دیکە.

باڵیۆزی عێراق لە ئوردن داوای کردووە ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، چونکە ئەم ڕووداوە کاریگەریی لەسەر نێوبانگی باڵیۆزخانە و ئەندامانی نێردە دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment