ماڵە سوتاوەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کۆشکە شاهانەییەکەی ڕامۆسە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە، ماڵەکەی ڤینیسێۆس کە لە شاری مەدریدە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سووتاوە، خاوەندارێتیەکەی بۆ کاپتن و بەرگریکاریی پێشووەی یانەی ڕیاڵ مەدرید، سێرجیۆ ڕامۆس دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ هەیینی 10ی تشرینی یەکەمی 2025، هەواڵی سووتانی ماڵەکەی ڤینیسیۆس ڕۆژنامەکانی ئیسپانی تەنی و نووسیویانە ئێوارەی پێنج شەممە، ئاگر لە ماڵی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانی نێودەوڵەتیی بەڕازیل و ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید، کەوتەوە و بە هۆیەوە بەشێکی ماڵەکەی بە تەواوی سووتاوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، خانووە سووتاوەکە هەمان ئەو كۆشکەیە کە هاوینی ڕابردوو کاتێک یاریزانی فەرەنسی کیلیان ئیمبامپی پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە کرد، پێشیازی بۆ کرا، بیکڕێت، بەڵام یاریزانە فەرەنسییەکە ڕەتیکردوە لەو ماڵەدا نیشتەجێ ببێت.
ماڵەکەی ڤینیسێۆس جۆنیۆر کۆشکێکە ڕووبەرەکەی هەزار مەترە و لە زەوییەک بە ڕووبەری 2500 مەتردووجا دروستکراوە، نزیکەی شەش مانگ دەبێت بە نرخی شەش ملیۆن یۆرۆ نمایش کراوە بۆ فرۆشتن، لەو ماوەیەشدا یاریزانە بەرازیلییەکە بە کرێ لە سێرجیۆ ڕامۆسی وەرگرتووە.
سەرجەم پێداویستیەکانی پشوودانی لە خۆگرتووە کە هەندێکیان لە هیچ ماڵێکی دیکەدا نییە، سیستەمی زیرەکی ماڵ، بەرزکەروە و گەرماوی تورکی، ساونا، هۆڵی وەرزشی، تەنانەت خانووەیەکی جیاکراوەشی تێدایە کە تایبەتە بە مانەوەی میوان.
هەروەها دوو مەلەوانگە، یەکێکیان لە دەرەوە، ئەوەی دیکە لە ناوەوەی کۆشکە دروستکراوە، ژووری سینەما، یاری ئەلیکترۆنی، چەند باڵوکۆنێکی ناوازەی هەیە، کە دەڕوانێتە باخچە و حەوشەی ماڵەکەی.
لە نهۆمی دووەمدا، ژووری خەوتنی تایبەتی هەیە، کە شوێنی تایبەت بە جلوبەرگی تێدایە، هەروەها لە هەمان نهۆم ژووری فریاکەوتنی خێرا و چێشتخانەی هەیە، بۆ ئەوەی لە کاتی چێشتلێناندا ناچار نەبن برۆنە نهۆمی خوارەوە.