ئەمەریکا یاسایی قەیسەری لەسەر سووریا هەڵوەشاندەوە
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پرۆژە یاسایی هەموارکراوی یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی پەسند کرد، هەروەها هەر لەو چوارچێوەیە، هەڵوەشاندنەوەی یاسایی قەیسەر لەسەر سووریاش پەسند کرا.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بە 77 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 20 دەنگی نەخێر، یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA)ی هەموارکراوی پەسند کرد، ڕۆجەر ویکەر،سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران، دوای دەنگدانەکە، لە گوتارێکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئەنجوومەنی باڵا یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانیی 2026ی بە "دەنگێکی زۆر" پەسند کردووە. گوتیشی: "ئەم پرۆژەیاسایە 924 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار وەک بودجەی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سیستەمە سەربازییەکان، تەکنۆلۆژیا و کەرەستەکان پێویستە.
هاوکات جۆ ویڵسن کۆنگرێسمانی ئەمەریکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێسک) هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەری ڕاگەیاند و نووسیویەتی: ئەنجوومەنی پیران هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەری کە خرابووە سەر سووریا وەک بەشێک لە یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) پەسەند کرد.
دەشڵێت: ئەم سزایانە زۆر توند بوون و لەسەر ڕژێمی پێشووی سووریا سەپێنرابوون کە ڕژێمەکە ڕووخاوە، ئاماژەشی داوە، "سەرکەوتنی سووریا ئێستا بەندە لەسەر گشتگیری و یەکگرتنەوەی هێزەکان."
هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی فرەلایەنە دەکاتەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی، دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی ناوچەکە، و برەودان بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا.
لە لای خۆیەوە، حەمزە مستەفا، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا، بڕیارەکەی بە پێشکەوتنێکی گەورە ناو برد و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "دیپلۆماسییەتی چالاک" و گوتی: "بەربەستێکی گەورە لەسەر ڕێگای گەشەپێدان، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لا دراوە." هاوکات بە یەکەم هەنگاو بەرەو یەکگرتنی نیشتمانی وەسفی کرد.
هەروەها میدیاکانی نزیک هەسەدە بڵاویان کردووەتەوە، یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) بۆ ساڵی 2026 پەسەند کرد، کە تێیدا بڕی 130 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریای تەرخان کردووە.
باسیشیان لەوە کردووە، ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی هاریکاریی نێودەوڵەتییە لە هەوڵەکانی دژی تیرۆر و سەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە چوارچێوەی هاوبەشیی بەردەوامی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە ناوخۆییەکان.
هەروەها لە بودجەی 2026 ئەمەریکادا هاتووە، 213 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق، هەروەها 15 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکانی لوبنان تەرخان دەکرێت.
یاسای قەیسەر، پرۆژە یاساکە ئەو کەس و کۆمپانیایانە دەکاتە ئامانج کە پارە یان هاوکاری بۆ سەرۆکی سووریا ڕژێمی پێشوو دابین دەکەن؛ هەروەها ژمارەیەک پیشەسازی سووریا دەکاتە ئامانج، لە وانە ئەوانەی پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابووری و چاککردنەوەی سەربازی و بەرهەمهێنانی وزەوە هەیە، کە ئەنجوومەنی پیران لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2019 ئەم یاسایەی پەسەند کرد.