بە گوژمەی زیاتر لە 36 ملیار دینار بەردی بناغەی شەقامی 60 مەتری لە هەولێر دانرا

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە گوژمەی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار، پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی 60 مەتری لە شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت، کە چەندان ڕێگای سەرەکی پێکەوە دەبەستێتەوە.

وەزیری شارەوانی ڕوونیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە، چونکە شەقامە بازنەییەکانی 120 مەتری و 150 مەتری بە سێ ڕێگای سەرەکیی (هەولێر-بەحرکە، هەولێر-پیرمام، و هەولێر-کۆیە) پێکەوە دەبەستێتەوە.

ساسان عەونی گوتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەردی بناغەی دادەنێین، یەکەمین شەقامی 60 مەترییە کە لە ماستەرپلانی هەولێردا هەیە و جێبەجێ دەکرێت."

دەشڵێت: ئەم شەقامە خزمەت بە ناوچەیەکی یەکجار فراوان دەکات و کارئاسانی بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی چەندان گەڕەک و شارۆچکەی نوێ دەکات، لەوانە شاری ئاراس، کەڕک، گردجووتیار، و شارەکانی ئارام یەک و ئارام دوو.

وەزیری شارەوانی دڵنیایی دا کە لە داهاتووشدا کار لەسەر جێبەجێکردنی شەقامەکانی دیکەی نێو ماستەرپلانەکە دەکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment