خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی زەیتوونی دەکان هەیە

بۆ ماوەی سێ هەفتەیە، نەوزاد بەردەوام لەناو باخەکەی خۆیدا لە دار زەیتوونەکاندا، سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵیانە.

زەیتوونی گوندی دەکان، بە قەبارە و ڕەنگ و تامی خۆی، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، خاوەن ناوبانگێکی تایبەتە.

نەوزاد دەکانی، جووتیار بەکوردستان24ـی گوت: "تزیکەی دوو، سێ هەفتەیە، ئێمە دەستمان بە لێکردنەوەی زەیتوون کردووە. زەیتوونەکەشمان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەناوبانگە، زەیتوونێکی تایبەتە و بۆ هەموو شتێک بەکاردێت، هەم بۆ خواردن هەم بۆ زەیتیش."

سەعدوڵڵا حەسەن، جووتیار ڕایگەیاند، "زەیتوونەکانمان لێرە زۆر کۆنە، دەتوانین بڵێین مێژووییە، زۆر داری لێیە کە تەمەنیان سەد ساڵە، بەرهەمەکەشمان بۆ هەموو کوردستان و عێراق دەچێت، دێتە ئێرە و خواستێکی زۆری لەسەرە."

جووتیارانی ئەم گوندە گرنگییەکی زۆر بەم بەرهەمە دەدەن و ساڵ لەدوای ساڵ، دەیانەوێت ژمارەی دارەکان لای خۆیان زیاتر بکەن، بەهۆی ئەوەی خواستێکی زۆری لەسەرە، لە بازاڕەکاندا، وەک کاڵایەکی شووشەیی دیاری دەکرێت، زەیتوونی ئەم گوندە، لە باشترین جۆرەکانە.

ئەنوەر خدر، بەرپرسی باخەوانیی کشتوکاڵی شێخان دەڵێت:  "زەیتوونی دەکان بەرهەمێکی زۆر باشە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوا و خاکە گونجاوەکەی بۆ بەرهەمی زەیتوون، بەرهەمی زەیتوونی ئەم گوندە، چەندین جار بەشداربووە لە پێشانگا و فیستیڤاڵەکان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە."

لەم گوندە زیاتر لە پێنج هەزار داری زەیتوونیان هەیە و بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە سەرووی هەزار تۆن، بەهۆی جوانیی ڕەنگەکەیانەوە، نرخی هەر کیلۆیەکی بەکاڵی، لە نێوان 1500 بۆ 2000 دینارە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment