تایمز ئۆف ئیسرائیل: ئەمڕۆ دەیان زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن

میدیای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، لەو 195 زیندانییەی حەماس تەنیا 60 زیندانی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.

ماڵپەڕی 'تایمز ئۆف ئیسرائیل' بڵاویکردەوە، "دەزگای ئاسایشی شاباک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە لیستیی ناوی زیندانییەکان دەربڕیوە بەوەی 25 سەرکردەی دیاریی بزووتنەوەکەی تێدایە."

ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاندووە کە "لیستی کۆتایی ئەو زیندانییە فەڵەستینییانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، تەنیا 195 زیندانییە، کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە."

ماڵپەڕەکە ڕوونی کردەوە کە "لە نێو ئەو 1700 زیندانییە فەڵەستینییانەی کە ئازاد دەکرێن، هیچ فەڵەستینییەک بەشداریی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەریان نەکردووە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان واژۆ کردووە.

لای خۆیەوە حەماس ڕێککەوتنی ئاگربەستی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، کە بریتی بوو لە هاتنە ناوەوەی هاوکاریی مرۆیی و ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیەکان، هەروەها داوای لە دۆناڵد ترەمپ و وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتی کرد، ئیسرائیل ناچار بکەن مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ بکات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment