لە هەرێمی کوردستان تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیادی کردووە

لە هەرێمی کوردستان توشبوانی نەخۆشی نۆرەی دڵ زیادی کردووە و لەنێو گەنجانیش ڕێژەكە لە زیادبوندایە، تەنیا یەک سەنتەری دڵ لە هەولێر بە گوێرەی توێژینەوەکانیان 35 لەسەدی نەخۆشەکان گەنجانی خوار تەمەن 35 ساڵن و پزیشکەکانیش ئەمە بە زەنگی مەترسیدار دەبینن.

ئامارێکی ترسناک لە سەنتەری دڵ دەریخستووە نزیکەی لەسەدا 35ـی  تووشبوان بەنەخۆشییەکانی دڵ گەنجن و تەمەنیان لە خوار 35 ساڵەوەیە.

کە ئەمە نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە جیهاندا بۆتە دیاردە. لە کاتێکدا لە 10 ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی تووشبوان کەسانی سەروو 50 ساڵ بوون.

مەهران جوبرائیل، تووشبوو بە نەخۆشی دڵ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە ماست و برنج و گۆشتە، بەڵام چەوری زۆر دەخۆم و دەزانم ئەوە هۆکاری نەخۆشی دڵمە. کاتێک کە گۆشت دەخۆم زیاتر پێی تێکدەچم، بەڵام ماوەیەکە وازم لە گۆشت خواردن هێناوە.

لە سەنتەری  دڵی هەولێر ساڵانە هەزار و 200 نەشتەرگەری گشتیی دەکرێت و نزیکەی 50 هەزار شەبەکەو باڵۆن بۆ نەخۆشانی دڵ دادەنرێت.

شوان ئەمین، پزيشكی ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، دەڵێت: توێژینەوەیەکمان لەسەر ئەو نەخۆشانەی کەبەهۆی نۆرەی دڵەوە سەردانی ئێمەیان کردووە بۆ ئەوانەی کە لە ژێر تەمەنی 35 ساڵیدان،   بینیمان زۆربەی نەخۆسەکان تەمەنیان نەگەیشتووەتە 35 ساڵی و ڕێژەی چەورییان بەرزە و چەورییەکەیان نزیکەی سەدا 51 بووە، لەسەدا 49یان جگەرە کێش بوون، لەسدا 44 بەرزی پاڵەپەستۆی خوێنیان هەبوو و لەسەدا 22یش نەخۆشی شەکرەیان هەبوو. هۆکارە لاوەکییەکانیش، زۆربەیان خەویان نەبوو یاخود درەنگانی شەو دەخەوتن، جووڵە و وەرزشیان نەبووو دڵەڕاوکێیەکی زۆریان هەبوو.

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە زیاتر لە 18  ملیۆن کەس بە جەڵتەی دڵ گیان لەدەست دەدەن. 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment