بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگیی سەردانی غەززەیان کرد

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی کەرتی غەززەی کردووە، بە مەبەستی چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگیی مەدەنی و سەربازی لەو کەرتە.

شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە لێدوانێکدا دوای سەردانێکی بۆ غەززە ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگیی مەدەنی و سەربازی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ بەردەوامە، ئامانج لەم ناوەندە "هەماهەنگیکردنی چالاکییەکانە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی كه‌رته‌كه‌ له‌ دوای شه‌ڕی دوو ساڵه‌."

براد کوپەر ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بانگەوازی گەیاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەکەن."

فەرماندەی سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە "ئەم هەوڵە گەورەیە بەبێ بوونی هیچ هێزێکی زەمینیی ئەمه‌ریکا لە غەززە بەدەست دەهێنرێت." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی مرۆیی و سەقامگیری لە کەرتی غەززە بەردەوامن.

هاوکات، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو هێڵەی کە بەگوێرەی پلانی ئەمەریکا بۆی دیاریی کراوە، سەردانی غەززەی کردووە.

ویتکۆف باسی لەوەش کردووە، لە سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ غه‌ززه‌ هەر یەکە لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل یاوەری کردووە.

ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل

ڕۆژی پێنجشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە جێبەجێ کرا، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە لەمەودوا ڕۆژانە ڕێگە بە گەیشتنی 600 بارهەڵگری هاوکارییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە دەدەرێت.

بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، حکوومەتی ئیسرائیل 250 فەڵەستینی کە سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەر سەپێندراوە لەگەڵ 1700 کەسی دیکەی دانیشتووی کەرتی غەززە، کە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیراون، ئازاد دەکرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment