لووتکەی شەرم شێخ بە بەشداریی 25 سەرکردە بەڕێوەدەچێت

ئاژانسی هەواڵی سکای نیووز، بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵاوی کردووەتەوە بڕیارە سبەی دووشەممە لووتکەی ئاشتیی شەرم شێخ بەڕێوەبچێت و تێیدا 25 سەرکردە و سەرۆک و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەشدار دەبن. لووتکەکە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی میسر و ئەمەریکا دەبێت.

بەپێی سەرچاوەکان، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جگە لە هاوسەرۆکایەتیکردنی لووتکەکە، دیدارێکی دووقۆڵیش ئەنجام دەدەن.

سەرچاوەکان ئامادەبوونی چەندان سەرکردەی دیاریان لە وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، ئەورووپی و ئاسیا پشتڕاست کردووەتەوە، لەوانە: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەنێو ئەو کەسایەتیانەدایە کە بە فەرمی بانگهێشتی لووتکەکە کراون.

شاندە بەشداربووەکان لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەست بە گەیشتن دەکەن بۆ شەرم شێخ.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment