عراقچی: گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانمان لەگەڵ ئەمەریکا ده‌ست پێكردووه‌ته‌وه‌

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیر گفتوگۆیان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێکردووەتەوە. دەشڵێت: ئیسرائیل لە ڕێگەی ڕووسیاوە، دڵنیایی داوە هێرش ناکاتەوە سەر تاران.

شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تاران و واشنتن لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیر گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان هەیە، هەروەها پێشوازی لە پێشنیازە دادپەروەر و هاوسەنگەکەی ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی دەکەین. دەشڵێت: ئێران پێی وایه‌ هیچ هۆکارێک نییه‌ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا لەم بارەوە بکات.

گوتیشی: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، دڵنیایی داوە ئیسرائیل نیازی دەستپێکردنەوەی جەنگ و دووباره‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێرانی نییه‌، بەڵام ئێران بەم حاڵەش متمانەی نییە و هێزە چەکدارەکانی بۆ بەرگری لە بەرانبەر هەر هێرشێک ئامادەن.

عراقچی لە بارەی ئاگربەستی غەززە ڕایگەیاند: بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنەکانی پێشووتر، ناکرێت متمانە بە ئیسرائیل بکەین لە جێبەجێکردنی ئەو ئاگربەستە. گوتیشی: بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل جینۆسایدی لە غەززە کردووە، بە هیچ شێوەیەک دان بەو دەوڵەتەدا نانێین.

هەروەها پشتگیریی ئێرانی بۆ ئاگربەستەکە دووپات کردەوە و گوتی: "هەر پلانێک کە خزمەت بە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بکات بۆ سەر غەززە، هەمیشە پشتگیریی دەکەین."

سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، گوتوویه‌تی: "ئێمە لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم پاشەکشە ناکەین، بەڵام ئەگەر وڵاتان بیانەوێت لە نیازی ئەو کارەمان زانیاریی زیاتریان هەبێت کە بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاری دەهێنن، ئامادەین متمانەیان بۆ دروست بکەین." دەشڵێت: "ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ مێزی دانوستان، بەڵام بەو مەرجەی سزاکانی سەرمان هەڵبگیرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بەشداریکردنی ئێران لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی، تەنیا خەیاڵێکی دۆناڵد ترەمپه‌ و هەرگیز نابنە بەشێک لەو ڕێککەوتنە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment