لە هەولێر گرێبەستی پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی دوكان-سلێمانی3 واژۆ كرا

پرۆژەی دوکان سلێمانی3 بە گوژمەی زیاتر لە 423 ملیۆن دۆلار كێشەی كەمئاوی سلێمانی چارەسەر دەكات و لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە شاری هەولێر، گرێبەستی پرۆژەی ستراتیژیی "هێڵی سێیەمی ئاوی دوكان-سلێمانی" لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا واژۆ كرا.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای وەزارەت و پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە وتارێکدا پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری سلێمانی كرد و ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ گرێبەستی پڕۆژەیەكی گەورەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە سێكتەری ئاودا واژۆ دەكەین. ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەكرێت و كێشەیەكی لەمێژینەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات."

وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلان و دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكان جێبەجێ دەكرێت.

پرۆژەی ئاوی دوكان-سلێمانی3 پڕۆژەیەكی درێژمەودایە و لە چەند بەشێكی گرنگ پێكدێت:

پرۆژەکە لەسەر زێی بچووك دروست دەكرێت. بە توانای بەرهەمهێنانی 480 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێكدا، كە لە قۆناغی یەكەمدا 240 هەزار مەتر سێجای لێ جێبەجێ دەكرێت. دوو وێستگەی ناوەندی بۆ پاڵنان و بەرزكردنەوەی ئاو. دوو هێڵی سەرەكی بە درێژیی 112 كیلۆمەتر و تیرەی هەزار و 400 ملیمەتر لە دووكانەوە بۆ سلێمانی. هەروەها دابینكردنی وزەی پێویست بۆ پرۆژەكە.

ساسان عەونی جەختی كردەوە، سێكتەری ئاو هەمیشە لەپێشینەی كارەكانی كابینەی نۆیەم بووە و ئاماژەی بە چەندان پرۆژەی تری ستراتیژی كرد، لەوانە:

پرۆژەی ئاوی هەولێر: بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار (سەدا 90ـی  تەواو بووە).
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ: بە گوژمەی 114 ملیار دینار (سەدا 20ـی تەواو بووە).
پرۆژەی ئاوی قوشتەپە: بە گوژمەی 222 ملیار دینار (سەدا 90ـی تەواو بووە).
پرۆژەی ئاوی بەردەڕەش: بە گوژمەی 428 ملیار دینار (كاری ڕووپێوی دەستی پێكردووە).
پرۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزان: بە گوژمەی 138 ملیار دینار (سەدا 90ـی تەواو بووە).
پرۆژەی ئاوی ئاكرێ: بە گوژمەی 108ملیار دینار (سەدا 60 تەواو بووە).
پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و دەربەندی ڕانیە: بە گوژمەی نزیكەی 48 ملیۆن دۆلار.
پرۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر: بە دوو قۆناغ و بە گوژمەی زیاتر لە 779 ملیۆن دۆلار.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment