مەسرور بارزانی: پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان میسر و کوردستان و ئەزهەر هەیە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەری لەهەولێر دانا.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، سوپاسی زانکۆی ئەزهەر دەکەم بۆ هاوئاهەنگی کردنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و پشتیوانی کردنی ئەم پەیمانگەیە، پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان میسر و کوردستان و ئەزهەر هەیە، خۆتان دەزانن کە لەسەردەمی سەرکردەی کورد سەڵاحەددینی ئەیوبی، ژمارەیەکی زۆری کورد ڕوویان لە میسر کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان' 127 ساڵ لەمەوبەر لە قاهیرە دەرچوو، هەروەها سەڵاحەددینی ئەیوبی ڕۆلێکی دیاریی لە پێشخستنی زانکۆی ئەزهەر و فراوانکردنیدا هەبووە، دواتر سەدان قوتابی لەو زانکۆیە خوێندیان تەواو کردووە، تەنانەت شوێنێکی تایبەت بۆ قوتابیانی کورد لە زانکی ئەزهەردا هەبووە بەناوی 'ڕەواق ئەلئەکراد' بۆیە هیوادارین قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەر وەک هەمیشە قوتابی زیرەک و ڕەوشت بەرز بن و بەباشترین شێوە سوود لەو دەرفەتە ببینن، کە بۆخوێندن لەو زانکۆیە پێیان دراوە.
سەرۆک وەزیران ڕوونیشی کردەوە، لەدوا قسەکانم دەمەوێت ڕوو لە مامۆستایانی ئایینی بکەم هەم سوپاسیان بکەم بۆ پشوودرێژیی و ماندووبوونیان و ئەو زەحمەتەی کە دەیکێشن، بۆ ڕێنماییکردنی گەلەکامان کە بەڕاستی جێگەی دەستیان دیارە لەهەموو شۆرشەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، بینییومانە مامۆستایان هاوشانی پێشمەرگە لەبەرانبەر ستەمکاران وەستاونەتەوە.
ئەمڕۆ بەردی بناغەی پەیمانگای ئەزهەر لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دانرا، پەیمانگەی ئەزهەر لە ساڵی 2008 لەشاری هەولێر کراوەتەوە و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی تێدایە، ئێستا 308 قوتابی تێیدا دەخوێنێت، ئەو قوتابیانە بۆ تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا، لە وڵاتی میسر لە زانکۆی ئەزهەر درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا ئەو پەیمانگایە کراوەیە کە لە زۆربەی وڵاتان پەیمانگای ئەزهەر هەیە.
سەبارەت بە پەیمانگای پێش نوێژ و وتار خوێنانیش، دووەم ساڵی دەرچوونیانە کە لە ساڵی 2022، دامەزراوە، خوێندن تێدا دوو ساڵە بابەتەکانی ئایینی، شەرعی، ئەکادیمی و لێبوردەیی و مافی مرۆڤی تێدا دەخوێندرێت. مەبەستی سەرەکیشان پێگەیاندنی وتار بێژی میانڕەوە لە هەرێمی کوردستان.