شاخەوان عەبدوڵڵا: پرۆژەی ئەنجوومەنی فیدراڵیمان ڕەت کردەوە چونکە بە عەقڵیەتێکی مەرکەزی نووسرابوو

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی دەستوور دەتوانێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە عێراقدا دروست بکات و چارەسەری زۆرێک لە کێشەکان بکات. ئاشکرای کرد، پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی بەهۆی ڕەچاونەکردنی ڕای هەرێمی کوردستان ڕەت کراوەتەوە.
یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "بابەتی دەستوور، ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەشێکی زۆری مافەکانی ئێمەی تێدا چەسپاوە و ئەگەر پابەندی پێوە بکرێت، نەک تەنیا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکوو گۆڕانکاری لە تەواوی عێراقدا ڕوودەدات."
ئاماژەی بەوەش کرد، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، کە تاوەکوو ئێستا پێک نەهاتووە، بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سوننەکانەوە بووە، چونکە پێیان وابوو سەرۆکی پەرلەمان هی ئەوانە، ئەنجوومەنی فیدراڵی دەبێتە شەراکەتێک بۆ ئەوان."
شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە، چەند مانگێک لەمەوبەر، سوننەکان ڕازی بوون بە پێكهێنانی ئەنجوومەنەکە، بەڵام کاتێک پرۆژەکە خرایە بەردەم پەرلەمان، بەبێ ڕەزامەندیی هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوو. لە کاتێکدا ئەم پرۆژەیە دەبوو ڕای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تێدا بێت، بەڵام بە عەقڵیەتێکی ناوەندگەرایی نووسرابووەوە، بۆیە ئێمە ڕەتمان کردەوە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە، لە داهاتوودا ئەگەر گەڕایەوە پەرلەمان، بە هەماهەنگی لە نێوان هەموو لایەنەکان هەوڵ دەدەن ئەنجوومەنی فیدراڵی دابمەزرێت، چونکە بەشێکی گرنگی تەواوکەری سیستەمی فیدراڵییە لە عێراق.