بژار مەلا خدر: دوای 10ڕۆژی دیکە پرۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو دەبێت

کارەکانی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە ڕێژه‌ی زیاتر لە 90%ـی تەواو کراوە و قایمقامی شارۆچکەکەش ئاماژە بەوە دەکات، بە تەواوبوونی ئه‌و پرۆژه‌یه‌، کێشەی کەمئاوی زیاتر لە 70 گوندی ئه‌و سنووره‌ چارەسەر دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە شێوەی تاقیکردنەوە ئاو بۆ چەند گەڕەکێکی سەنتەری شارۆچکەکە بەردراوەتەوە، تەواوی ڕێککارە تەکنیکییەکانی تەواو کراون و چەند ڕۆژێکی کەمیی ماوە هه‌مووی ته‌واو ببێت. پرۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر ئاوی سێجای هەیە لە کاتژمێرێکدا.

بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە له‌م باره‌وه‌ بە کوردستان24ـی گوت: سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەین بۆ پاڵپشتی بەردەوامییان بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، لە قۆناغی یەکەم بەشێوەی تاقیکردنەوە ئاوەکە بەردراوەتەوە، بەڵام لە 10ڕۆژی داهاتوودا، ئاوی پاک دەگاتە سەرجەم ماڵەکانی قوشتەپە.

هەروەها گوتیشی: 70 گوند و شارەدێی بێستانە سوودمەند دەبن لە پرۆژەکە، لە دوای ئەم گوندانە کار لەسەر ئەو شارەدێیانە دەکەین سوودمەند بن لەو پرۆژەکە بەتایبەتی شەمامک و پێشینەی کارەکانمان دەبێت، بە تەواوبوونی ژمارەیەکی زۆری بیرەکان دادەخرێن.

پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بە گوژمەی 222 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، سەنتەری شارۆچکەی قوشتەپە و شارەدێی بێستانە و نزیکەی 70 گوندی سنوورەکەش لێی سوودمەند دەبن، هەروەها سێ کۆگای گەورەی گلدانەوەی ئاو لەخۆ دەگرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment