دواجار حکوومەتی نوێی فەرەنسا پێكهێنرا

کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی، سیباستیان لێکۆرنۆی ڕاگەیاند کە 34 وەزیری لەخۆ دەگرێت.

کۆشکی ئەلیزێ ئێوارەی یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025،  پێکهاتەی کابینەی نوێی حکوومەتەکەی لێکۆرنۆ، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسای بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، پۆستی کاروباری ناوخۆ و پۆلیسی پاریس به‌ لۆران نونێز دراوه‌، هەروەها جیرالد دارمانان پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و ڕەشیدە داتیش پۆستی وەزیری ڕۆشنبیریی پێدرا.

سەرۆکایەتیی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئێوارەی هەینی ڕابردوو، دوای گفتوگۆیەکی زۆر بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووە سیاسییەی فەرەنسای تێکەوتووە، سیباستیان لێکۆرنۆی دووبارە ڕاسپاردەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت؛ هەرچەندە لە گەڕی یەکەمی ڕاسپاردنەکەی کە ماوەی مانگێکی خایان لێکۆرنۆی لە پێکهێنانی حکوومەت سەرکەوتوو نەبوو.

لێکۆرنۆ لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بە بۆنەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فەرەنسا پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "بە هەستکردنی بە بەرپرسیارێتی، ئەرکی پێسپێردراوم قبووڵ دەکەم". 

جەختی لەوەش کردووەتەوە، حکوومەتی نوێی فەرەنسا، دەبێت خۆی تازە بکاتەوە و هەموو ئەو پرسانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی ڕاوێژ لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا باسیان کردووە و مشتومڕیان لەسەر کراوە، لە پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.