جەی دی ڤانس: سەربازی ئەمەریکی لە غەززە بڵاو ناکرێتەوە

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە لە چوارچێوەی پلانی ئاگربەست و ئاشتی لە کەرتی غەززە سەربازانی ئەمەریکی بڵاو بکرێنەوە، ڕاشیگەیاندووە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە نزیکە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC ئەمەریکی ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ڕایگەیاند، بە ئەگەری زۆر ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، حەماس بارمتەکان ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات، هەر بۆیە پێویستە ئەمەریکا شانازی بەخۆی و بە هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی خۆی بکات لە غەززە.
لە بارەی دەنگۆی ناردنی 200 سەربازی ئەمەریکی بۆ غەززە لە چوارچێوەی پلانی ئاگربەست، جەی دی ڤانس، گوتی: هێزەکانی (سێنتکۆم) لە ناوچەکەدا هەن و هیچ پلانێکی بڵاوکردنەوەی هێزمان نییە نە لە ئیسرائیل و نە لە غەززە و تەنیا لە دوورەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین، بەڵام چەند وڵاتێکی ئیسلامی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی خۆیان لە غەززە.
جەی دی ڤانس، ئاماژەشی دا؛ مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوورەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان هەمووی لە ژێر چاودێری ئەمەریکا دەبێت.
دوای دانووستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو لایەن لە شەرم شێخ، بە بەشداری تورکیا و میسر و قەتەر و لە ژێر چاودێری ئەمەریکا، ترەمپ ڕایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانەکەی بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان.