ترەمپ هۆشداریی دەداتە ڕووسیا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیا جەنگ ڕانەگرێت مووشەکی 'تۆماهۆک' دەدەم بە ئۆکرانیا، گوتیشی: تۆماهۆک مووشەکێکی سەرسوڕهێنەرە، وابزانم ڕووسیاش نایەوێت بگاتە ناو خاکی وڵاتەکەی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە بارەی پرسی پێدانی مووشەکەی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا گوتی: ئەگەر ڕووسیا بەم زووانە جەنگی ئۆکرانیا ڕانەگرێت، ئەوە مووشەکی دوور مەودای تۆماهۆک دەدەم بە ئۆکرانیا.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئیسرائیل، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، لێرەوە پێیان دەڵێم، سەیرکەن، ئەگەر ئەو جەنگە کۆتایی پێ نەهێنن، مووشەکی تۆماهۆکیان بۆ دەنێرم.
جەختیشێ کردەوە، تۆماهۆک مووشەکێکی سەرسوڕهێنەرە، چەکێکی بەهێزی هێرشبەرە، بەڕاستی، ڕووسیا پێویستی بەوە نییە بگات بە خاکەکەی.
قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەک شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڤلۆدیمێر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا جارێکی دیکە پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووەتەوە داوای مووشەکی تۆماهۆکی لێکردووە.
هەروەها زێلێنسکی ڕایگەیاندووە، ئەوان تەنیا مووشەکی تۆماهۆک بۆ لێدانی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا بەکاردەهێنێت، بە هیچ شێوەیەک بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل بەکاری ناهێنن.
هاوكات کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا 'کرێملن' لەم بارەیەوە هۆشداریی داوە و ڕایگهیاند، ڕووسیا نیگەرانە لە بابەتی پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات بێگومان ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکە ڕوو دەدات.