ترەمپ: جۆرزلیم بە پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنین و باڵیۆزخانەکەمان بۆ ئهوێ دەگوازینەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێستا کاتی ئاشتی و خۆشگوزەرانییە و دەبێت حەماسیش چەکەکانی دابنێت؛ دەشڵێت، ئێران ڕێککەوتنی ئاشتی دەوێت و دەبێت لە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ دەست هەڵگریت، ئەگەر وا بکات دەبێتە باشترین بڕیار لە مێژوودا، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، جۆرزلیم بە پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنن.
دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەرلەمانی ئیسرائیل بە بۆنەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کەسێکی ئاسان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی، بۆیە کەسێکی سەرکەوتووە.
لە گوتارەکەیدا ترەمپ ستایشی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست کرد و باسی لەوە کرد، ئەو کەسێکی زۆر لێهاتووە لە گفتوگۆ و دانوستان، بەڵام کەسێکی سیاسیی نییە. هاوکات دەشڵێت: مارکۆ ڕوبیۆ، باشترین وەزیری دەرەوەیە لە مێژووی ئەمەریکا.
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، لە هەشت مانگ، هەشت جەنگیی ڕاگرتووە، کە لە نێوانیاندا شەڕی غەززەش دەگڕێتەوە.
ترەمپ گوتیشی: من حەز بە جەنگ ناکەم، بەڵام ئەگەر جەنگ بکەین، ئەوا بە شێوەیەک براوە دەبین، لە مێژوودا وێنای نەبووبێت؛ ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە ڕاست نەبێت، بەڵام لە جەنگ براوە دەبین.
لە درێژەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمەریکا ئەوهی خستەڕوو، واشنتن چەکێکی زۆری بە ئیسرائیل داوە و ئەویش زۆر بە باشی بەکاری هێناوە، ئەمەش وای کردووە بگەنە ئاشتی.
سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاماژەی داوە، زۆر باش دەبێت ئەگەر بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی لەگەڵ تاران، ئەوان ماندووبوونە و دەیانەوێت خۆیان ڕزگار بکەن. ترهمپ پێیشی وا نییە ئێران دەستی بە هیچ بەرنامەیەکی ئەتۆمی بگات. دەشڵێت: "پێم وایە دەرفەتمان هەیە لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوین، ئەوان ڕێککەوتنیان دەوێت، هەر کاتێکیش ئامادەبوون ئەوا ئێمەش ئامادەین."
هەروەها پەیامێکی بۆ ئێران نارد و گوتی: بوەستە و چیتر هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ و پشتگیریی دارایی گرووپە چەکدارەکان مەکە.
ترەمپ باسی لەوەش کرد، تەواوی وڵاتانی ناوچەکە پشتگیری پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، ئەمەش واتە، پێویستە حەماس دەستبەجێ چەکەکانی دابنێت، بەمەش چیتر ئاسایشی ئیسرائیل ناکەوێتە مەترسییەوە.
گوتیشی: ئێستا کاتی ئاشتی و خۆشگوزەرانییە، ئیسرائیل لە شەڕدا نییە، ئەوان بە هاوکاری ئێمە هەموو دەستکەوتێکیان بەدەست هێنا. ئاماژەشی بەوە دا، ئێمە جۆرزلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنین و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئەوێ دەگوازینەوە.
لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا، دوو ئەندام پەرلەمانی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە ئەنجامدانی "جینۆساید لە لایەن ئیسرائیلەوە"، قسەکانی ترەمپیان بڕی و دواتر کرانە دەرەوە.