دابەشکردنی زەوی له‌ هه‌ولێر دەست پێدەکاتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئاشکرای دەکات، لە ڕۆژانی داهاتوو ڕەزامەندی لەسەر دابەشکردنی زەوی لە چەند شوێنێک دەدرێت و پرۆسەی دابەشکردنیش بەردەوام دەبێت.

مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەکاری دەکەین بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنووری چەند شارەوانییەک، لەم هەفتەیە ڕەزامەندی لەسەر دابەشکردنی زەوی لەو شوێنانە دەگەڕێتەوە (کەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتوو).

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی ئەو پارچە زەوییانەی دابەش دەکرێن 14 هەزار تاوەکوو 16 هەزار پارچە زەوی دەبێت، هاوکات ئامادەکاری دەکرێت بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنووری (ڕزگاری و سێبیران)، بە دابەشکردنی زەوی لەو شوێنانە تەنیا، هەریر و شەقڵاوە دەمێننەوە.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment