کارکردن لە پرۆژەی ئاوی گوندی دۆڵی بیاو بەردەوامە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ئاشکرای دەکات، کارکردن لە پرۆژەی ئاوی دۆڵی بیاو بەردەوامە و بە تەواوبوونی 18 گوند سوودمەند دەبن و لە %45ـی کارەکانی تەواو بووە.

دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران بڵاویکردەوە، پرۆژەی ئاوی خواردنەوە لە 18 گوندی دۆڵی بیاو لە سنووری شارەدێی سرێشمەی خەلیفان لە جێبەجێکردندایە.

ئەم پرۆژەیە پێکدێت لە دانانی هەردوو جۆری بۆری دکتایل و پۆلی ئەسیلین بە درێژی 102،31 مەتر و دروستکردنی سێ خەزانی ئاو بە قەبارەی 256مەتر سێجا و 480مەتر سێجا، لەگەڵ چوار دانە سێت پەمپ.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لەم پرۆژەیەدا سوود لە ئاوی سەر زەوی وەرگیراوە لە ڕێگای لێدانی دوو بیر لە تەنیشت ڕووبار بۆ فلتەرکردنی ئاوی ڕووبار، ئەمەش ڕێگایەکی کارامەیە بۆ گەیاندنی ئاوی پاک و تەندروست بۆ هاووڵاتییانی ئەم گوندانە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران، باسی لەوە کردووە، ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی ملیارێک و 980 ملیۆن و 526 دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت و لە %45ـی کارەکانی تەواو بووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment