پردی 10 چاوەی هەشت هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران جێبەجێ دەکرێت
بریاری دروستکردنی پردێکی 10 چاوە لە گەرەکی هەشت هەزاری فەرمانبەران کەوتە بواری جێبەجێکردن و بەردی بناغەی پردەکەش دانرا.
هاووڵاتیان دانیشتووی ئەو گەرەکە دەڵێن: ئەو پردە نیوەی کێشەکانی گەرەک چارەسەر دەکات، چونکە نەبونی پرد لە وەرزی زستان و باران بارین جیا لەوەی بە هۆی لافاو زەرەریان لێدەکەوت، پەیوەندییان لە گەڵ هەولێر دەپچرا.
عارەب مەولود، دانیشتوی گەڕەكی هەشت هەزاری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو پردەی ئێمە دروستمان کردبوو، حکوومەت خۆی پردەکەی تێکدەدا لەبەر لافاو، ئەگەر حکوومەت تێکی نەدایە ئەوا کێشەمان بۆ دروست دەبوو لافاویش دەیبردین، کێشەکەشمان ئەوە بوو هاتوچۆمان نەدەما لەمبەری پرد بۆ ئەو بەری پرد یاخود لەگەڵ هەولێر.
بریاری دروستکردنی پردێکی 10 چاوە لەم سنورە و لە سەر کورنیشی هەولێر کەوتە بواری جێبەجێکردن و تیمەکانیش دەستیان بە دارشتن و دانانی پایەی پردەکەن، تیمەکانی ئەندازیاری بەگوێرەی ئەو پلان و نەخشەی بۆیان دانراوە بە زوترین کات دەبێ ئەم پردە تەواو بکەن و بەو جۆرەی سەرپەرشتیاری ئەندازایاری تیمەکەش باسیدەکات ئەوە سێیەم پردە کە دروستی دەکەن
ئەسەرلان عەبدولقادر، سەرپەرشتیاری پرۆژە دەڵێت: ئەم کەندەی کۆڕنیش بەردەوام گرفتی بۆ خەڵکی دروستکردووە، چونکە ئەم کەندە خۆی دروستکراوە بۆ پاراستنی شاری هەولێر لەکاتی بارانبارین و لافاو، ئاوی باران لەبەرزاییەکان کۆدەبێتەوە و لەم کەندەوە دەڕوات، لە کاتی فراوانبوونی شاری هەولێر بەهۆی ئەم کەندەوە گرفت بۆ هاوولاتییان دروست دەبوو. بەتایبەت ئەو کاتانەی کە باران و لافاو دروست دەبوو.
ئەم پردە بە گوژمەی 147 ملیۆن دینار و بۆ چارەسەری کێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسی لافاو دروستدەکرێت.