ئەمڕۆ بڕیار لەسەر مووچەی مانگی هەشت دەدرێت

سەرەڕای بەڵێنەکەی، سەرۆک وەیزیرانی عێراق تا ئێستا نووسراوی فەرمی بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەرنەکراوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یەکلایی بکرێتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر بەڵێنەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا ئەو بەڵێنە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی ئۆکتۆبەری2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، بەڵێنەکەی سەرۆک وەزیران تا ئێستا زارەکی بووە و وەک نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نەکراوە. بە گوتەی یەکێک لە وەزیرە کوردەکان، ێویستە ئەمڕۆ سوودانی بە فەرمی و لە ڕێگەی نووسراوێکەوە وەزیری دارایی ئاگادار بکاتەوە تا دەست بە ڕێکارەکانی ناردنی مووچەکە بکات.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتە یەکێک بێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. دوو ئەگەر هەیە، یان لەناو کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەکە دەدرێت، یانیش ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیران فتەیف سامی بە گرتنەبەری ڕێکارییەکانی ناردنی مووچەی مانگی هەشت ئاگادار بکاتەوە.
سەرچاوەکە دووپاتی دەکاتەوە، هیچ بەربەست و گرفتێکی یاسایی و دارایی لەبەردەم ناردنی مووچەکەدا نەماوە، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ بڕیارەکە یەکلایی بکرێتەوە. وا دیارە سوودانی چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە تا بڕیارەکە بە شێوەیەکی فەرمی دەربکات.