چین: ئامادەین تا کۆتایی شەڕی ئابووریی ئەمەریکا بکەین

حکوومەتی چین ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بە شەڕی ئابووریی بەرانبەر بە ئەمەریکا ڕاگەیاند، لە هەمان کاتیشدا ئامادەیەکیشی بۆ دانوستان دەربڕیوە.
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بازرگانی چین ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی ئۆکتۆبەری 2025 هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند، "ئەگەر شەڕتان دەوێت، ئێمە تا کۆتایی شەڕ دەکەین، ئەگەر دانوستانیشتان دەوێت دەرگای ئێمە هەمیشە کراوەیە".
ئەمە لە کاتێکدایە هەینی ڕابردوو، دۆنالد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بە ڕێژەی 100% باج بەسەر هاوردەکردنی کاڵای چینی دەسەپێنێت و لە سەرەتای مانگی داهاتووشەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئەم بڕیارەی ترەمپ بە وەڵامدانەوەیەک دادەندرێت بۆ ڕینماییە نوێیەکانی چین لە بارەی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان، کە چین بە یەکەم بەرهەمهێنەری ئەو کانزا دەگمەنانە دادەندرێت.
حکوومەتی چین هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ترەمپ، ئاماژەی بەوە دابوو کە سیاسەتی هەڕەشەکردن هیچ ئەنجامێکی نابێت لەگەڵ چین؛ هەروا ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ گرتووە بەوەی، ئەمەریکا لە لایەک داوای دانوستان دەکات و لە لایەکی دیکەش سزای نوێ بەسەر چین دەسەپێنێت.
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بازرگانی چینی ڕایگەیاند، ئامانج لە ڕێنماییە نوێیەکانی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان تەنیا ڕێکخستنی هەناردەکانی چینە و هەر لایەنێک مەرجەکان جێبەجێ بکات، دەتوانێت کانزاکان بەدەست بهێنێت.
هەروەها وەکوو بەبیرهێنانەوەیەک بۆ ئامادەیی چین لە بارەی هەر شێوازێکی دانوستان، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چین، دانوستانەکانی مانگی ئەیلوولی ڕابردووی بە نموونە هێناوەتەوە کە لە مەدریدی ئیسپانیا بەڕێوەچوو، کە لە ئەنجامدا پلاتفۆرمی تیک تۆک بە ئەمەریکا فرۆشرا.
هەروەها ئاماژەشی دا، پێشتر ئەمەریکا لەلایەن چینەوە ئاگادار کراوەتەوە لەبارەی ڕێنماییە نوێیەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان، جەختیشی کردووتەوە، ئەمەریکا لە دوای دانوستانەکانی مەردریدەوە دەیەوێت سنووری نوێ لەبەردەم چین دابنێت و باجی زیاتر بسەپێنێت، ئەمەش زیانی زۆر بە چین و دانوستانە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت.