عێراق؛ ململانێی نێوان دەقە دەستوورییە فیدراڵییەکان و عەقڵییەتی ناوەندگەرایی

بەختیار سەعید، سەرۆکی سەندیکای یەکێتیی پارێزەرانی کوردستان، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، هێشتا بیری حوکمی ناوەندگەرایی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا زاڵە.

سەرۆکی سەندیکای یەکێتیی پارێزەرانی کوردستان، گوتی: بە گوێرەی دەستوور، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و ئەوەش بەڕوونی لە ماددەکانی دەستووردا دەستنیشان کراوە. بەڵام لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەو ماددانە یان پشتگوێ خراون، یانیش دەستکاری کراون. ئێمە 55 ماددەی دەستووریمان دیاری کردووە کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون یان دەستکاریی کراون، یاخود زۆر بە سستی جێبەجێ دەکرێن. 
ئەمەش، نەک تەنیا بە زیانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە زیانی خەڵکی عێراق دەگەڕێتەوە.

بەختیار سەعید، گوتیشی: زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، هێشتا لە ڕوانگەی حوکمی مەرکەزییەوە کار دەکەن و هەڵگری بیری شۆڤێنیزمین. ئەوان ئێستاش بڕوایان بە دیموکراسی نییە و لە چوارچێوەی حزبایەتییەوە دەڕواننە مەسەلەکان و بە جددی هەوڵی دژایەتیی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەناوبردنی هەرێمی کوردستان دەدەن. لە لایەکی ترەوە بە ئاشکرا ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێ لەسەر بڕیار و هەڵسوکەوتی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقەوە دیارە .. 

سەرۆکی سەندیکانی یەکێتیی پارێزەرانی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی، بۆ چاودێریی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق، وایکردووە سیستەمی زۆرینە و کەمینە لە پەرلەمانی عێراقدا پیادە بکرێت، لە کاتێکدا دەبوو بڕیارەکان بە سازان و تەوافوق بدرێن. 

بەختیار سەعید، جەختی کردەوە لەوەی "دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا دیاری کراوە و دەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەم ئەنجوومەنە دابمەزرێت؛ چونکە ئەنجوومەنی فیدراڵی زامنی پاراستنی مافەکانی هەمووانە و لێ ناگەڕێت بڕیارەکان تەنیا لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە پەسەند بکرێن، یان ڕەت بکرێنەوە. سەرباری ئەوەش، ئەوان ڕێگریی لە دامەزراندنی هەرێمی دیکە لە عێراق دەدەن، هەرچەند ئەوە مافێکی دەستوورییە و تا ئێستاش داوای دامەزراندنی هەرێمی دیکە کراوە."

دەربارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی سەندیکای یەکێتیی پارێزەرانی کوردستان، گوتی: ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی نەک هەر پێچەوانەی ماددەکانی دەستوورن، بەڵکوو ئەو دادگایە زۆرجار، بە ئارەزووی خۆی ماددەکانی دەستوور دەگۆڕێت و تەفسیری بۆ دەکات. تەفسیری ماددە دەستوورییەکان تەنیا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی یاسایدا دەبێت.

بەختیار سەعید، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دەبێت پێش هەموو شتێک شێوازی بیرکردنەوەی ناوەندگەرایی لەناو دامەزراوە یاسایی و بڕیاردەرەکانی عێراقدا بگۆڕێت و لەو ڕاستییە بگەن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵیی دەستوورییە نەک مەرکەزی.

 
 
Fly Erbil Advertisment