عێراق لە نێوان ئاوارەیی دوای جەنگ و وشکەساڵیدا
ژمارەیەکی زۆری عێراقییەکان بەهۆی نەبوونی زەویی بەپیت و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان، ناچاربوون بۆ پەیداکردنی بژێوی، بۆ شارەکان کۆچ بکەن.

ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) دەڵێت: سەرەڕای کەمبوونەوەیەکی گشتی لە ژمارەی ئاوارەکان لەسەر ئاستی عێراق، ئاوارەبوونی لاوەکی بە ڕێژەی 42% بۆ زیاتر لە 8 هەزار ئاوارە تۆمارکراوە بەهۆی داخستنی کەمپەکان یان گەڕان بەدوای گوزەرانێکی باشتردا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی کردووە "پاش شکستی داعش لە ساڵی 2017، هێشتا زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقی لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەن و زۆربەیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێ کراون. بە گوێرەی یەکەی چاودێریی جووڵەی ئاوارەکان (DTM)ی سەر بە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تا کانوونی یەکەمی 2024، یەک ملیۆن و 31 هەزار و 475 ئاوارەی ناوخۆیی لە سنووری 102 شارۆچکەی 18 پارێزگادا نیشتەجێ کرابوون؛ ئەمەش کەمبوونەوەیەک بە بڕی 92 هەزار و 188 ئاوارە یان ڕێژەی 8% نیشان دەدات بەراورد بە ژمارەی ئاوارەکان لە ڕاپۆرتی پێشووی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیدا.
تا کۆتایی ساڵی 2024، پارێزگای نەینەوا بەداڵدەدانی 221 هەزار و 911 ئاوارە زۆرترین ژمارەی ئاوارەی لەخۆگرتبوو؛ دوای ئەویش پارێزگای دهۆک، 211 هەزار و 28 ئاوارە و پارێزگای هەولێر، 204 هەزار و 990 ئاوارەیان داڵدە دابوو.
سەرەڕای کەمبوونەوەی گشتیی ژمارەی ئاوارەکان لەسەر ئاستی وڵات، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی هەشت هەزار و 797 ئاوارەی نوێی لە ماوەی نێوان ئەیلوول تا کانوونی یەکەمی 2024 تۆمار کردووە، کە 57%ی ئەم حاڵەتانە بۆ شوێنی دیکە گوێزاونەتەوە. لەکاتێکدا 42% یان بەهۆی داخستنی کەمپەکان یان گەڕان بەدوای بارودۆخی ژیانی باشتردا، بە شێوەیەکی کاتی ئاوارە بوونە. جگە لەوەش، 73 حاڵەتی گەڕانەوەی ناکام تۆمار کراوە، ئەوانە خەڵکی ناوچەکانی شنگال و بەعاج بوون و لەبەر نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە، ناچاربوون دووبارە بگەڕێنەوە کەمپەکان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکەی چاودێریی ئاوارەکان، گەڕانەوەی چوار ملیۆن 927 هەزار و 890 ئاوارەی لە نێوان نیسانی 2014 و کۆتایی کانوونی یەکەمی 2024دا تۆمار کردووە، ئەمە زیادبوونێک بە ڕێژەی 1% نیشان دەدات بەراورد بە ڕاپۆرتی پێشوو.
لە نێوان ئەیلوول تا کانوونی یەکەمی 2024، پارێزگاکانی سەڵاحەددین و نەینەوا زۆرترین زیادبوونیان لە ژمارەی گەڕاوەکاندا بەخۆوە بینی. لە نەینەوا، زۆرترین ژمارەی گەڕاوەکان لە شنگال بوو، کە بریتی بوون لە هەژدە هەزار و 246 کەس. دوای ئەویش بەعاج 13 هەزار و 722 کەس. لە پارێزگای سەڵاحەددین، ناوچەی بەلەد حەوت هەزار و 542 کەس گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، لەکاتێکدا ناوچەکانی 'فارس' و 'بێجی' 10 هەزار 382 کەس گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
لە ساڵی 2021ەوە، حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ نیشتەجێکردنەوەی ئاوارەکان خێراتر کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێنەوە. ڕێژەی گەڕانەوە لە کانوونی دووەمی 2025ەوە بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریاوە زیادی کردووە.
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەش کردووە "لە ساڵی 2024دا، نزیکەی 34%ی ئاوارەکان کەمپەکانی هەرێمی کوردستانیان بەجێ هێشتووە. لەنێوان کانوونی دووەم و نیسانی 2025، 421 خێزانی ئاوارە 'هەزار و 810 کەس' بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و هەولێر گەڕاونەتەوە؛ زۆربەی ئەوانەش منداڵ، یان ئەو خێزانانە بوون کە پیاوەکانیان لەدەستداوە و لە لایەن ئافرەتانەوە سەرپەرشتیی دەکرێن.
گەڕاوەکان، ڕووبەڕووی کەمیی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، کەمیی هەلی بژێوی و کێشەی ئەمنی بوونەوە؛ بە جۆرێک هەندێکیان ناچار بوون بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ناسەقامگیرەکان یان ئەو ناوچانەی لە لایەن گرووپی چەکداروە کۆنترۆڵ کراون.
گەڕاوەکان، بەتایبەتی ئافرەتان و کچان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و چینە پەراوێزخراوەکان، زۆرجار ڕووبەڕووی ناوزڕاندنی کۆمەڵایەتی و گێچەڵ دەبنەوە، ئەوەش ناچاریان دەکات پەنا بۆ میکانیزمی خۆگونجاندنی نەرێیی ببەن، وەک توندوتیژیی خێزانی، سەختیی ئابووری و ئاوارەبوونەوەی دووبارە بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی فەرمی.

سەبارەت بە حاڵەتەکانی ئاوارەبوون کە بەهۆی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست بوون و کاریگەرییان لەسەر ناوچە کشتوکاڵییەکان و خێزانە نیشتەجێکانی ئەو ناوچانە هەبووە، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە "لە مانگی ئازاری 2025ەوە، زیاتر لە 172 هەزار کەس لە 12 پارێزگادا، بەهۆی هۆکارە پەیوەندیدارەکان بە کەشوهەواوە ئاوارە بوونە؛ ئەمەش پێویستیی بەپەلەی دانانی ڕێوشوێنی خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا وەک بەڕێوەبردنی ئاوی بەردەوام، پشتگیریکردنی ناوچە گوندنشینەکان و پلاندانانی شارستانی، دەردەخات."
ئاڵنگارییە پەیوەندیدارەکان بە کەشوهەوا بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی خێزانەکان و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر جۆر و شێوازی پەروەردەی منداڵان هەبووە و زۆرجار بوونەتە هۆی توندوتیژیی و ململانێی کۆمەڵایەتی و گەشەکردنی شوێنە نایاساییەکانی نیشتەجێبوون.
گۆڕانی کەشوهەوا، بە شێوەیەکی نەرێیی کاریگەری کردووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵ، کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی زۆرێک لە گەڕاوەکانە، ئەمەش سەقامگیریی ئابووریی کەم کردووەتەوە و ڕێگر بووە لە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی. ژمارەیەکی زۆری عێراقییەکان بەهۆی نەبوونی زەویی بەپیت و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان، ناچاربوون بۆ پەیداکردنی بژێوی، بۆ شارەکان کۆچ بکەن.