ئێران سزای قورسی بەسەر دوو هاووڵاتی فەرەنسیدا سەپاند

دادگای بەرایی تاران، سزای قورسی بەسەر دوو هاووڵاتی فەرەنسیدا سەپاند کە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کراون.

سێشەممە، 14 تشرینی یەکەم، 2025، پێگەی هەواڵی 'میزان' ڕایگەیاند "بڕیاری سەرەتایی دەربارەی دۆسییەی دوو هاووڵاتی فەرەنسی، کە لە 9ـی ئاداری 2023 ، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کرابوون، لە لایەن دادوەری دادگای بەرایی تارانەوە بە پارێزەرانی تۆمەتبارەکان، ڕاگەیەنرا."

ئاژانسەکە نووسیویەتی "هەردوو تۆمەتبارەکە هاووڵاتی فەرەنسین و فەرمانبەری دەزگای زانیاریی فەرەنسان. لە قۆناغی سەرەتایی لێکۆڵینەوەدا، لە تۆمەتەکانیان ئاگەدار کراونەتەوە و مافی ئەوەیان هەبووە پارێزەر بۆ خۆیان بگرن. ئەوان لەو ماوەیەدا پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکارەکانیاندا هەبووە و بە شێوەی نووسراو، لە ڕەوشی لێکۆڵینەوەکەیان ئاگەدار کراونەتەوە."

بڕیارەکە، تۆمەتی سیخووڕی بۆ دەزگای زانیاریی فەرەنسا، کۆبوونەوە و ئامادەکاری بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات و هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل، داوەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە.

بە گوێرەی بڕیاری دادگا، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی فەرەنسا، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پلاندان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات، سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە. هاوکات، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل، بە 20 ساڵ زیندانی و دوورخستنەوە سزا دراوە.

دەستگیرکراوی دووەمیش، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی فەرەنسا، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پلاندان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات، سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە. هاوکات، بە تۆمەتی هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل، سزای 17 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

 ماوەی دەستبەسەربوونی تۆمەتباران، بە گوێرەی یاسا لە سزاکەیان کەم دەکرێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment