میلۆنی: ئەگەر وازم لە جگەرە هێنابا کەسێکم دەکوشت

جۆرجیا میلۆنی
جۆرجیا میلۆنی

جۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت: ئەگەر وازم لە جگەرەکێشان هێنابووایە، دڵنیامە دانم بە خۆمدا نەدەگرت و کەسێکم دەکوشت.

ئەو لێدوانەی جۆرجا میلۆنی لە کاتێکدا دێت، کە دوێنێ دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەراوێزی لووتکەی ئاشتیی شرم شێخ، کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کییەر ستارمەر. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەنێوانیاندا بوون و بە کەمێک پێکەنینەوە بە میلۆنی گوت: تۆ ئافرەتێکی جوانی، بەڵام کێشەی ئەوەت هەیە جگەرە دەکێشی، بۆیە واز لە جگەرەکێشان بێنە. ماکرۆنیش بە پێکەنیەنەوە لە بری میلۆنی وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و پێی گوت: ئەمە مەحاڵە.

دوای ماکرۆنیش، جۆرجا میلۆنی بە ئەردۆغانی گوت:"دەزانم..دەزانم..بەڵام نامەوێت کەسێک بکوژم".

ڕۆژنامەی تەله‌گراف بڵاوی کردووەتەوە، لە دواترین کتێبی چاپکراوی خۆیدا کە لەماوەی ڕابردوودا بڵاوی کردووەتەوە، جۆرجا میلۆنی باسی ئەوەی کردووە، دوای 13 ساڵ لە وازهێنانی لە جگەرەكێشان، جارێکی دیکە دەستی بە كێشانه‌وه‌ی کردووەتەوە.

ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا تاکە سەرکردەی بەشداربووی لووتکەی ئاشتیی شرم شێخ نەبوو کە بە میلۆنی بڵێت تۆ ژنێکی زۆر جوانی و بەسەریدا هەڵبڵێت، بەڵکوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش میلۆنی بە زۆر جوان وەسف کرد.

ترەمپ، کە سەرۆکایەتیی لووتکەکەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سه‌رۆكی میسر دەکرد، لە گوتارێکدا گوتی: "مافی ئەوەم نییە بڵێم، چونکە ژیانی پیشەییت وەک سەرۆک وەزیران کۆتایی نایێت ئەگەر ئەوە بڵێم، تۆ ئافره‌تێكی جوانی."

لە لووتکەکەدا کە نزیکەی 30 سەرکردەی لە سەرانسەری جیهان لەخۆ گرتبوو، مێلۆنی تاکە ئافره‌ت بوو، ئاماده‌ی ئه‌م لووتكه‌یه‌ بووبوو.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا  بە دوای مێلۆنیدا دەگەڕا و گوتی: دەترسم ون بووبێت لە کوێیە؟ پێم وایە بێزار دەبێت ئەگەر بڵێم کە تۆ جوانی، بەڵام ئەوە ڕاستییە.

ترەمپ لەبارەی میلۆنییەوە گوتی: ئەو لە ئیتاڵیا زۆر ڕێزی لێدەگیرێت، ئەو ئافره‌ته‌ سیاسەتمەدارێکی زۆر سەرکەوتووە.

میلۆنییش کە ڕاستەوخۆ لە پشتییەوە وەستابوو، لەگەڵ قسەکانی ترەمپ، تەنیا زەردەخەنەی کرد.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment