ترەمپ ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززەی ڕاگه‌یاند

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێستا قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە دەست پێدەکات، هاوکات سەرچاوەیەک لە بزووتنه‌وه‌ی حەماس ئاماژەی داوە، گرووپەکە ئامادەکاریی دەکات تەرمی چوار بارمتە ڕادەستی ئیسرائیل بکات.

سێشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: هەموو بارمتە زیندووەکان وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا ئازاد کران، بەڵام ئەرکەکە هێشتا تەواو نەبووە و تەرمی هەموو بارمتەکان ڕادەست نەکراوەته‌وه‌. گوتووشیه‌تی، ئێستا قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە دەست پێدەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، گوتی، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس چەک دانەنێت، چەکی پێ دادەنێین، ئەگەر پێویستیش بکات بە شێوەیەکی توندوتیژانە ئەو کارە دەکەین، ئەوان دەزانن کە من لەو بارەوە گاڵته‌ ناکەم.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، حەماس پێی ڕاگەیاندوووه‌ پابەندیی چەکدانان دەبن.

ترەمپ باس لە کارێکی حەماس دەکات کە بە دڵی بووە و ده‌ڵێت: ئەوان ئەندامانی ژمارەیەک باندی خراپیان کوشتووە و لەنێویان بردن، کە ئەم کارەیان هیچ بێزارم ناکات.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، حەماس ئامادەکاری بۆ ڕادەستکردنی چوار بارمتە لە کاتژمێر 10 بە کاتی ئیسرائیل دەکات و ئەمەشی بە وڵاتانی نێوەندگیر ڕاگەیاندووە.

لای خۆیەوە نەخۆشخانەی غەززە بڵاوی کردووەتەوە، 45 تەرمی فەڵەستینییەکانیان لە ئیسرائیل وەرگرتووەتەوە.

هەروەها پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو، دەروازەی ڕەفەح لە نێوان میسر و غەززە تاوەکوو سبەی چوارشەممە دادەخرێت و ڕێژەی ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو کەرتە کەم دەکەنەوە.

لە وەڵامدا نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور داوایان کرد هەموو دەروازەکانی کەرتی غەززە بکرێنەوە بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە ئەو ناوچە فەڵەستینییە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.

کریستیان کاردۆن، گوتەبێژی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند: "دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی بارمته‌كان ئاڵنگارییەکی گەورەترە لە ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا ماون. گوتیشی: لەوانەیە چەندین ڕۆژ یان هەفتەی پێ بچێت.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment