كۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق: بەندکراوان ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بكهن

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، بەندکراوان لە تەواوی چاکسازییەکانی عێراق ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی عێراق بکەن و بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش دووپاتی دەکاتەوە لەنێو چاکسازییەکاندا هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە.
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت، لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هیچ ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان نەکراوە.
هاوكات جومانە غلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پهرلهمانی عێراق هیچ بەندکراوێک بە ڕاگیراو و حوکمدراو مافی دەنگدانیان نابێت. غهلای لهم بارهوه ئاماژهی به هیچ هۆكارێك نهكرد.
هەروەها مەڕوان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چەندین خولە بەندکراوان لە هەرێمی کوردستان ناتوانن دەنگ بدەن، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێک، چونکە بەشێک لە بەندکراوان سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە و بەشێکی دیکەیان ڕاگیراون، بۆیە دانانی سندووقی دەنگدان لەنێو چاکسازییەکاندا کارێکی قورسە، بەتایبەتی ئێستا، کە دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنییە.
هەروەها باسی لەوە کرد، بەشدارینەکردنی بەندکراوان لە هەڵبژاردنەکان تازە نییە، بەڵکوو لە چەند خولی ڕابردوودا بەشدارییان نەکردووە.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.
له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.
لهو ههڵبژاردنهدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپهیمانی و 75 لیستی تاكهكهسی بهشداری له ههڵبژاردن دهكهن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.