قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران دەستپێدەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شارەوانیدا دەکرێت، ئەمەش وەک قۆناغی سێیەمی پرۆسەکە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە نزیکەی 60 هەزار فەرمانبەرە. لە قۆناغی یەکەمدا، سێ هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە و لە قۆناغی دووەمیشدا نزیکەی 14 هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە. بەمەش کۆی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە دوو قۆناغی ڕابردوودا زەوییان وەرگرتووە دەگاتە 17 هەزار فەرمانبەر.
کارزان هادی گوتیشی: "بۆ ئەم قۆناغە سێیەمە، 43 هەزار فەرمانبەری مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم فەرمانبەران زەوی وەردەگرن".
ڕاشیگەیاند، شوێنی زەوییەکان بەگوێرەی ماستەرپلانی شاری هەولێر دیاریکراوە و دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکیی دهۆک لە ناوچەکانی ئاشۆکان و دارەبەن.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.