هەولێر.. سبەی دوو هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت

سبەی لە ناحیەی ڕزگاری، لە سنووری پارێزگای هەولێر زەوی بەسەر دوو هەزار فەرمانبەر دا، دابەشدەکرێت و بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە شارۆچکەی ڕواندزیش دابەش بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی ڕزگاری بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: سبەی کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تیروپشک بۆ ناوی ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت، کە ناوەکانیان گەڕاوەتەوە، زەویان پێدەدرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەی، زەوییان پێ دەدرێت لەو سنوورە و ژمارەیان دوو هەزار فەرمانبەرە.
دەربارەی شوێنی وەرگرتنی زەوییەکان، گوتی: زەوییەکان لە باشترین شوێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2025، خەسرەو ئیسماعیل بەڕیوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، 500 پارچە زەوی لە ڕواندز ئامادەکراون، لە کاتێکی نزیکدا بەسەر فەرمانبەرانی سوودمەند دابەشدەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، گوتیشی: سەرجەم ناوەکان بۆ هەموو شارەوانییەکان نێردراون، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی ئەو ناوانە پێشتر سوودمەند نەبوونە و زەوییان وەرنەگرتووە، هەر کاتێک ئەو ڕێککارانە تەواوبوون ئەوا دەست بە دابەشکردنی زەویەکان دەکرێن.
لە 27ی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.