ئیسرائیل هەڕەشەی لەناوبردنی حەماس دەکات

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس، بە گوێرەی ڕێککەوتنامەی ئاگربەستی غەززە، تەرمی بارمتەکانمان ڕادەست نەکاتەوە، دووبارە هێڕش دەکەینەوە سەریان.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند "فەرمانم بە سوپا داوە پلانێک بۆ لەناوبردنی تەواوەتی حەماس دابڕێژن لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕدا."

کاتز، هەروا گوتی: ئەگەر حەماس پابەندی ڕێککەوتنامەکە نەبێت، ئەوا ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا، دووبارە هێڕشیان دەکاتە سەر و تێکیان دەشکێنێت و واقیعی جوگرافیای غەززە دەگۆڕێت.

 ئەم قسانەی کاتز، پاش ڕاگەیەنراوەکەی کەتیبەکانی عززەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس هات، کە دەڵێت: هەموو ئەو تەرمانەی کە دۆزیومانەتەوە، ڕادەست کردووە. بەڵام پێویستمان بە ئامێر و کەرەستەی تایبەتیی گەڕان هەیە. 

بەرپرسانی ئەمەریکی تێگەیشتنیان بۆ قسەکانی حەماس هەیە و دەڵێن: دۆزینەوەی تەرمەکان کارێکی ئاسان نییە، چونکە غەززە بە تەواوەتی وێران بووە. ئێمە دڵنیاین لەوەی حەماس پابەندی ڕێککەوتنەکەیە، بەڵام کێشەی لۆجستی و نەبوونی ئامێری پێویست، ڕێگرە لەبەردەم دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکاندا.

 ناسینەوەی تەرمی دوو بارمتە

پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەم 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، توانیوویانە تەرمی دوو بارمتە، ئەنبار هایمان و محەممەد ئەترەش بناسنەوە پاش ئەوەی لە پەیمانگەی نیشتمانیی پزیشکیی داد، پشکنینیان بۆ کرا. سوپای ئیسرائیل هەروا ڕایگەیاند "تەرمەکان ڕادەستی کەسوکاری ئەو دوو بارمتەیە کراون."

ئەنبار هایمان، وێنەکێشێکی تەمەن 27 ساڵی خەڵکی حەیفا بوو، لە کاتی هێڕەشەکەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023،  لە میهرەجانی نۆڤا، کوژرا. محەممەد ئەترەشی تەمەن 39 ساڵ، سەربازێکی بەدو بوو و هەر لەو ڕۆژەدا کوژرا و حەماس لاشەکانیان بۆ غەززە گواستەوە.

پاش ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند "لەبەر کەمیی ئامێر و کەرەستەی تایبەتیی گەڕان، ناتوانن تەرمی بارمتە کوژراوەکانی ئیسرائیل بدۆزنەوە و ڕادەستیان بکەن؛ ئیسرائیل بە توندی هەڕەشەی دووبارە هێڕشکردنە سەر حەماس دەکات."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment