ژمارەیەک شارەزا: مەترسن لە کەمبوونەوەی دژەتەنەکان

شارەزایەکی بواری بەرگریی لەش: بەڕاستی هەندێک سەردێڕی هەواڵەکان گەمژانەن

K24 - هەولێر

ئەو کەسانەی لە بەریتانیا دژەتەنیان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیداکردووە، لە ماوەی سێ مانگدا بەڕێژەی 27٪ کەمبوونەتەوە، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکرد دژەتەنەکان کە بەرگری لە لەش دەکەن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەیەکی کەم دەمێننەوە، بەڵام ژمارەیەک شارەزا دەڵێن مەترسن ئاساییە.

ژمارەیەک شارەزا دەڵێن، پێویست بە ترس ناکات لە کەمبوونەوەی دژەتەنەکان، چونکە ئاساییە ئاستی دژەتەن لە جەستەدا داببەزێت لەدوای ئەوەی پەتاکە لە جەستە نامێنێت، بەڵام خانەکانی بەرگری ڤایرۆسەکەیان لە یاددا دەمێنێت و دەتوانن دژەتەن دروستبکەنەوە کاتێک جەستە پێویستییەتی.

سکۆت هێنزلی، شارەزای بواری بەرگریی لەش لە زانکۆی پەنسلڤانیا دەڵێ "بەڕاستی هەندێک سەردێڕی هەواڵەکان گەمژانەن، چونکە کەمبوونەوەی دژەتەنەکان لەدوای ئەوەی پەتاکە نەماوە، نیشانەی ساغ و سەلامەتیی سیستەمی بەرگرییە".

هێنسلی هەروەها دەڵێ، کەمبوونەوەی ئاستی دژەتەن لە جەستەدا ئەوە ناگەیەنێت خەڵک چیدیکە دژەتەنیان نەماوە و، پارێزراو نابن.

ئەو لێکۆڵینەوە بەریتانییە، کە دووشەممەی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، هەروەها ترسی دروستکردووە لەوەی ڤاکسین رێگری ناکات لە دروستبوونی بەرگریی گشتیی لەلایەن خەڵکەوە لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

شارەزایان دەڵێن، هێشتا زووە بۆ زانینی ئەوەی بەرگری لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند دەمێنێتەوە، هەروەها زووە بۆ زانینی ئەوەی ئایا خەڵک دوای چەند مانگێک یان ساڵێک لە تووشبوونیان بە پەتای کۆرۆنا، جارێکی دیکە تووشی دەبنەوە، کە ئەمەش ترسی ئەوەی پەیدا کردووە؛ رەنگە ڤاکسینیش گەرەنتی نەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

ئەو لێکۆڵینەوە بەریتانییە لە ماوەی سێ مانگدا کراوە، 350 هەزار کەس بەشێوەی هەڕەمەکی دەستنیشانکراون و سێ جار لەماوەی سێ مانگدا پشکنینیان بۆ دژەتەنیان کردووە.

6٪ـی ئەو کەسانەی پشکنینەکانیان کردووە، سەرەتا دژەتەنیان هەبووە، دوای سێ مانگەکە 4.8٪ـیان دژەتەنیان هەر هەبووە و، ئەوانەی دژەتەنیان نەماوە زۆربەیان تەمەنیان لەسەرووی 75 ساڵەوە بووە.