ترەمپ هەڕەشە لە حەماس دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا هەڕشە لە حەماس دەکات و دەڵێت: ئەگەر بزووتنەوەکە بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵکی غەززە، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت جگە لە لەناوبردنیان.
پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، لە میانی پۆستیكدا دووبارە هەڕەشەی لەناوبردنی لە بزووتنەوەی حەماس کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: کوشتنی خەڵکی غەززە بەشێک نییە لە ڕێککەوتنمان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ئەگەر حەماس لەو کارە بەردەوام بێت، ناچارین بچینە نێو کەرتی غەززە و بیانکوژین، جگە لەو کارە هیچ بژاردەی دیکەمان نییە.
ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ دوای ئەوەی هات، ماوەی چەند ڕۆژێکە بزووتنەوەی حەماس لە نێو کەرتی غەززە هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستپێکردووە کە گوایە یاخی بوونە لە بزووتنەوەکە و سیخوڕییان بۆ ئیسرائیل کردووە، بە پێی چەندین گرتە ڤیدیۆ کە بڵاو کراوەنەتەوە، حەماس زۆربەی ئەوانەی کە دەستگیریان دەکات گولـلەبارانیان دەکات.
ئەمە یەکەمجار نییە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشە لە بزووتنەوەی حەماس بکات، لە ماوەكانی ڕابردووش چەندین جار هەڕەشەی لە بزووتنەوەکە کردبوو ئەگەر بە ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕازی نەبێت ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە.