تورکیا ماوهی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و سووریا درێژ دەکاتەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا یاداشتێکی ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە و داوای درێژکردنەوەی ماوهی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا بۆ سێ ساڵی دیکە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە یاداشتێکدا داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا تاوەکوو سێ ساڵی دیكه درێژ بکاتەوە.
لە یاداشتەکەدا هاتووە، مەترسی تیرۆر لە سنوورەکانییان بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا سەقامگیرییەکی درێژخایەن بەدەست نەهاتووە و تورکیا گرنگییەکی زۆر بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و دراوسێکانی دەدات، هەروەها بەردەوامبوونی مەترسی داعش لە عێراق هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە و سەقامگیری و ئاسایشی تورکیا دروست دەکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، حکوومەتی سووریا لە چەندین بواردا پێویستی بە تورکیایە و زۆر گرنگە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر. لە چوارچێوەی ئەم پێشهاتانەدا، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە دژی هەموو ئەو مەترسی و هەڕەشە و کردەوانەی کە دەتوانن هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا دروست بکەن کە ئامانجیان تێکدانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریایە، داوا لە پەرلەمان دەکەن ماوەی مانەوەی هێزەکانییان لە عێراق و سووریا بۆ سێ ساڵی دیکە و تا 2028 درێژ بکرێتەوە.
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، هەماهەنگییان لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا هەیە بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.