بانكه عێراقییه‌کان ده‌یانه‌وێت فێڵ له ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن

پسپۆرێکی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمه‌ریکی بابه‌تێكی پڕ ورده‌كاریی نووسیوه و تێیدا نهێنییەكانی پشت هەوڵەکانی هەندێک تۆڕ و بانک و چالاکییە ئابوورییەکانی عێراق بۆ "خۆدزینەوە" و ده‌ربازبوون لە سزاکان و چاودێرییه توند و چڕه‌كانی ئەمه‌ریکا ئاشکرا دەکات و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئەم هەوڵانە بە گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان و کەسایەتییەکان و ئه‌نجوومه‌نه‌كانی بەڕێوەبردن و بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ستانداردەکانی پابەندبوون، ئەنجام دەدرێن، بەڵام هەموو ئەم ڕێكار و هه‌نگاو و كردانه، هەوڵێکی "فەرمی"ـین له لایه‌ن عێراقه‌وه بۆ خۆدزینەوە و ده‌ربازبوون له سزا و چاودێرییه چڕه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و بەردەوامبوون لە مامه‌ڵه دارایی و ئابوورییەکانی کە پێچەوانەی سیاسەتی ئەمه‌ریکایە بەرانبەر بە دۆلار و دەستڕاگەیشتن پێی.
سام باتلەر، پسپۆری ئەمه‌ریکی لە بواری ئاسایشی نیشتمانی و جێبەجێکردنی یاسا و تاوانە ڕێکخراوەکان و پارە نایاساییەکان، له ڕاپۆرته‌كه‌یدا گوتوویه‌تی، ئەو بانکه عێراقییانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر سزاكانی ئه‌مه‌ریكا، یان ئەوانەی ترسیان هه‌یه سزاکانی ئه‌مه‌ریكا بیانگرێته‌وه و لەژێر چاودێریی چڕی ئەمه‌ریکادان، پەنا دەبەنە بەر ڕێگەی فەرمی وەک: گۆڕینی دەستەی بەڕێوەبەرییان یان پشکی خاوەندارێتی سه‌رمایه‌كانیان. هەندێکیان به نهێنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی لۆبیکردنی ئەمه‌ریکی گرێبه‌ستیان کردووە، بەڵام ئەم کۆمپانیایانە پارەکەیان دەبەن و له به‌رانبه‌ردا هیچیان پێشکەش ناکەن؛ بە واتایەکی دیكه ئەم بانکانە بوونەتە قوربانی ساختەکاریی کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان بەبێ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.
باتلەر له ڕاپۆرته‌كه‌یدا دەڵێت، کاتێک بانکێک بە فەرمی دەخرێتە لیستی ڕەشەوە یان چالاكییه ئابووری و داراییه‌كانی سنووردار دەکرێت بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و "چالاکییە نایاساییەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە"، ئه‌مه ئیتر خاڵی كۆتاییه و ده‌بێت ئه‌و بانكه پێوه‌ی پابه‌ند بێت و هه‌رگیز لێی ده‌رباز نابێت و پێویسته ئه‌م ڕاستییه بزانێت كه هیچ لایه‌ن و دامه‌زراوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی چیدیكه ناتوانێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، چونكه هه‌ر جۆره مامه‌ڵه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه بۆ له‌مه‌ودوا، متمانه‌ی ئه‌و لایه‌ن و دامه‌زراوه‌یه له‌لای ئه‌وانی دیكه له‌ناو ده‌بات، بەڵام مایه‌ی سه‌رنجه لە سیستەمی ناڕوونی دارایی عێراقدا، متمانە کلیلی مانەوە نییە، به‌ڵكوو تەنیا په‌یوه‌سته به پەیوەندییەکان. هه‌روه‌ها باتله‌ر ئاماژە بەوە دەکات کە "لەم دۆخ و پانتاییه‌دا، وەهمی چاکسازیی گەشە دەکات و لەژێر فشاری واشنتن‌دا، بانکە سنووردارەکان تاکتیکێکی نوێیان بۆ مانەوە دۆزیوەتەوە، ئەویش گۆڕینی ڕووخسار و بیچمی خۆیانە نەک شێوازی کارکردنیان."
سام باتلەر له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته بنكۆڵكارییه‌كه‌یدا ڕوونی كردووه‌ته‌وه، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2023ـوه كه سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر بانكه عێراقییه‌كان چڕ بووه‌ته‌وه، نیگه‌رانییه‌كی زۆر له لایه‌ن هەندێک لە کۆمپانیا ئەمه‌ریکی و نێودەوڵەتییەکان کە گرێبەستیان لەگەڵ ئەو دامەزراوه عێراقییانه کردووە دروست بووه، به‌تایبه‌تی كه زۆرێکیان گرێبەستیان واژۆ کردووە و پێشوەختە پاره‌یه‌كی زۆریان وەرگرتووە، دواتر زۆر به ئاسانی و به‌بێ ئه‌نجامدانی هیچ كارێكی فیعلی، شکستیان هێناوه. نموونەیەکی هه‌ره بەرچاو و دیاریی ئەمەش، کۆمپانیای لۆبیکردنی (BGR)ـیه کە بنکەکەی لە واشنتن دی سییە و گرێبەستی لەگەڵ بانکی ئیسلامی لە عێراق كردووه و دوای وەرگرتنی پارەکە، کۆمپانیای (BGR)، لەناکاو گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووه‌ته‌وه بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات و تەنانەت هاوکاریی لەگەڵ حکوومەتی ئەمه‌ریکادا بکات، جگە لەوەش، (BGR) بەپێی یاسای تۆمارکردنی بریکارەکانی بیانیی (FARA) تۆمار نەکرابوو، کە مەرجێکی یاساییە بۆ هەر جۆرە لۆبییەکی یاسایی بە ناوی بانکی بیانییەوە.
ئه‌م پسپۆره ئه‌مه‌ریكییه باسی له‌وه‌ش كردووه، سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بانکە لاوازەکانی عێراقی کردووە بە نێچیرێکی ئاسان و کۆمپانیا بیانییەکان ڕیزیان گرتووە بۆ ئەوەی سوود لەم سزایانە وەربگرن. باتله‌ر له ناوه‌رۆكی ڕاپۆرته‌كه‌یدا لەسه‌ر زاری بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیی عێراقەوە نووسیویەتی "لە دوای سەپاندنی سزای دۆلاری ئەمه‌ریکی بەسەر بانکەکاندا لە ساڵی 2023، بینیمان زۆرێک لە کۆمپانیاکان وەک گرووپی (BGR)، هەروەها پارێزەران و کۆمپانیا یاساییه‌كان، پارەیان لە بانکە عێراقییه‌كان وەرگرتووە بێئەوەی له به‌رانبه‌ردا هیچ شتێکیان ڕادەست بكه‌ن و له پڕ دیار نەماون، ئێمە ناچار بووین تەواوی کەرتی بانکی لەو پلانە ئاگادار بکەینەوە".
پسپۆره ئه‌مه‌ریكییه‌كه ده‌شڵێت، ئەگەر بانکە عێراقییەکان سنوورداركراوه‌كان یەک وانە فێربووبن، ئەویش ئەوەیە کە تێڕوانینەکان دەتوانن کات بکڕن. کاتێک سزاکان كاری خۆیان ده‌كه‌ن و كۆمپانیا و بانكه‌كان ناتوانن به شێوه یاساییه‌كه ده‌ستیان به دۆلار بگات، چاکسازیی ناکەن، به‌ڵكوو له بری ئه‌مه دێن ناسنامەکەیان دەگۆڕن و ده‌سته‌ی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنی خۆیان ده‌گۆڕن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ واقیعه نوێیه‌كه و ستاندارد و پابه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگونجێنن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هێنانی وردبینیکەر، ڕاوێژکار، پارێزەر و لۆبیکاران بۆ ئەوەی پشتگیریی له‌و گۆڕانكارییانه‌یان بكه‌ن، كه له بنه‌ڕه‌تدا خۆدزینه‌وه و فێلكردنه نه‌ك چاكسازیی ڕاسته‌قینه، كه ئه‌مه‌ش بووه‌ته شێوازی هه‌ره باوی كه‌رتی بانكی له به‌غدا، كه بنه‌چه‌كی نوێیه به ناوی چاكسازیی بۆ ئه‌وه‌ی خۆڵ له چاوی ئه‌مه‌ریكا بكرێت و چاوپۆشی له سزاكانی سه‌ریان بكات.
سام باتله‌ر له كۆتایی ڕاپۆرته شیكارییه‌كه‌یدا جەخت لەوە دەکاتەوە، واشنتن چیدیكه جیاوازیی ناکات لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و ئەو پێکهاته و جومگانه‌ی حكوومه‌ت كه ئه‌و گرووپانه پاره‌دار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سزا به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌شدا ده‌سه‌پێنێت كه بەم دواییە پۆستی فەرمییان له حكوومه‌ت کۆمپانیا حکوومییەکان هەبووە.