ترەمپ: لە لووتکەی ئهپێک لەگەڵ شی جینپینگی کۆدەبمەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی چین کردبووە، ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا دووپاتی کردەوە لە لووتکەی ئەپێک لە کۆریای باشوور لەگەڵ ئەو سەرۆکە کۆدەبێتەوە.
هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)ـی ئهمهریكی گوتی: لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە پەراوێزی لووتکەی ئهپێک لە کۆریای باشوور، لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کۆدەبمەوە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ـی گوت، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین، سەبارەت بە دانوستانە بازرگانییە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و پەکین، پێش کۆبوونەوەی ئهپێک بە تەلەفۆن قسە بکەن.
کۆبوونەوەی لووتکەی ئهپێک لە 31ـی تشرینی یەکەم تاوەکوو 1ـی تشرینی دووەم لە شاری گیۆنگجوی کۆریای باشوور بەڕێوە دەچێت.
پێشتر ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس) هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی کردبوو و هۆشداری دابوو، باجی 100% دەخاتە سەر کاڵاکانی چین. دوای ئەو لێدوانە، بههای دراوه ئهلیكترۆنییهكانی پشكی كۆمپانیاكان له بازاڕەکانی بۆرسە دابەزین؛ دواتر ترەمپ لە پۆستێکدا نووسیبووی: "ئەمەریکا دەیەوێت یارمەتی چین بدات، نەک زیانی پێ بگەیەنێت."
ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە یەکەم دیداری نێوان ههردوو سهرۆكی ئهمهریكا و چین لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات لە مانگی کانوونی دووەمی ئهمساڵدا.