فرۆشتنی کارتی دەنگدان؛ دوایین بزماره لە تابووتی متمانە بە پرۆسەی سیاسیی عێراق

دەستگیرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی بە تۆمەتی فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە عێراق، پەردە لەسەر قووڵایی ئەو کارەساتە سیاسی و ئابوورییە لادەدات کە تێیدا دیموکراسی بووەتە کاڵایەک و هەژاریی خەڵک کراوەتە باشترین وەبەرهێنان بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا.
لەسەر شانۆی سیاسیی عێراق، دیاردەیەکی نوێی گاڵتەجاڕی و شکستخواردوو سەریهەڵداوە، ئەویش کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدانە. لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە باس لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف دەکەن، لە کۆڵانە تاریکەکان و شوێنە نایاساییەکان بههادارترین مافی هاووڵاتیبوون کە دەنگهكهیهتی وەک کاڵایەکی هەرزانبەها مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی عێراق، دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی کارتی دەنگدان، لە ڕاستیدا دانپێدانانێکی فەرمییە بە قەبارەی کارەساتەکە نەک چارەکردنی. ئەوە تەنیا شانۆگەرییەکی میدیاییە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکی تاڵتر، کڕیارە گەورەکان، ئەو "نەهەنگانەی" کە بە پارەی دزراوی گەل بازاڕی کڕینی دەنگیان گەرم کردووە، هەمیشە لە دەرەوەی بازنەی لێپرسینەوە دەمێننەوە. هێزە ئەمنییەکان تەنیا توانایان بەسەر فرۆشیارە هەژارەکاندا دەشکێت، نەک ئەو حزب و بەرپرسە گەندەڵانەی کە بازاڕەکەیان دروست کردووە.
هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، قەیس محەممەداوی، سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئەمنی هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق، هاوکات جێگری فەرماندەی ئۆپهراسیۆنە هاوبەشەکانیشە، دەستگیرکردنى ژمارەیەک کەسى بە تۆمەتى فرۆشتنى کارتى دەنگدان و هێرشکردنە سەر بنکەکانى بانگەشەى کاندیدان ڕاگەیاند.
قەیس محەممەداوی، لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هێزە ئەمنییەکان لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ژمارەیەک بانگەشەکارى فرۆشتنى کارتى دەنگدانیان دەستگیر کردووە، هەروەها لە چەند ناوچەیەکیش کەسانێکیان بە تۆمەتى تێوەگلان لە دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکان و هێرشکردنە سەر بنکەکانى بانگەشە دەستگیر کراون.
هەر بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی وڵاتەکە، کاتێک کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدان دەکرێت، پرۆسەی هەڵبژاردن شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە سێرکێکی سیاسی. پەرلەمان و حکوومەتێک کە لەسەر بنەمای دەنگی کڕدراو پێکبهێنرێت، نوێنەرایەتی گەل ناکات، بەڵکوو نوێنەرایەتیی تۆڕێک دەکات کە ئامانجی تەنیا پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی.
جەختیان لەوەش کردهوه، لە عێراقدا، دیموکراسی بووەتە سەرابێک کە تەنیا لە شاشەی تەلەفیزیۆنەکاندا بوونی هەیە، بەڵام لە واقیعدا، ئەوەی حوکم دەکات، لۆجیکی بازاڕی ڕەش و کڕین و فرۆشتنە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی 46 کەسی بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدان ڕاگەیاند. هاوکات دەستیشیان بەسەر هەزار و 841 کارتی دەنگداندا لە چوار پارێزگادا گرت.
دەزگاکە لە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا بوو، کە هەزار و 841 کارتی دەنگدەران لای تۆمەتبارەکان دەستی بەسەردا گیراوە.
وادەی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن
چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکات.ئاماژەی بەوەش دابوو، ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، ماوی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
ژمارەی دەنگدەران
له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.
لهو ههڵبژاردنهدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپهیمانی و 75 لیستی تاكهكهسی بهشداری له ههڵبژاردن دهكهن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.