حووسییەکان زیانی زیاتر لە 9 ملیار دۆلاریان بە میسر گەیاندووە

وەزیری دەرەوەی میسر ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، وڵاتەکە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار زیانی پێگهیشتووه.
هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە سەردانێکدا بۆ نیودەلهی پایتەختی هیندستان بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لەو کاتەوەی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەست پێکردووە، کە دەبووە هۆی داخستنی نۆکەندی سویس، وڵاتەکەیان زیاتر لە 9 ملیار دۆلار زیانی پێگهیشتووه.
هاوکات بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکانەوە باجی زۆر قورسی ئابوورییان داوە، پێشتر ڕۆژانە لانی کەم 75 کەشتی بازرگانی بە نۆکەندی سویس تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا ڕۆژانە 25 کەشتی پێیدا تێپەڕ دەبن، ئەگەر ژمارەکە بگاتە بەرزترین ئاستیش لە 50 کەشتی تێپەڕ ناکات.
وەزیری دەرەوەی میسر، باسی لە چارەسهرکردنی پرسی فەڵەستین كرد و گوتی: ئەگەر ئەو پرسە چارەسهر بێت، زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتن لە پرۆژەی ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان کە لە لایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بۆ مەبەستی بەستنەوەی وڵاتی هیندستان بە ئەورووپا لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان (IMEC)، کە وڵاتەکە لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ئەورووپا دەبەستێتەوە، لە پەراوێزی لووتکەی (G20) لە ئەیلوولی 2023، کە لە هیندستان بەڕێوە چوو ڕاگەیەنرا. ئەمەريكا لە برى رێگەى ئاوريشمى چينى، پاڵپشتى ئەو رێڕەوە دەكات.
گرووپی (G20) لە بیست وڵاتی خاوەن بەهێزترین ئابووریی جیهان پێکهاتووە و لە ساڵی 1999ـوە دامەزراوە. دوایین لووتکەی ئهم گرووپه، ساڵی 2024 لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەرازیل بەڕێوە چوو.
بەدر عەبدولعاتی، جەختی لەوە کردەوە، میسر ئامادەیە و دەخوازێت ببێت بە بەشێک لە پرۆژەی ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان.
ڕۆژی پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەدرعەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هیندستان، لە یەکەم وێستەگهی سەردانەکەشیدا لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان کۆبووەوە.