خه‌سرۆ گۆران: له كه‌ركووك ده‌بێت به "ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌ییانه" دوو كورسی دیكه بۆ كورد مسۆگه‌ر بكه‌ین
له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كورسی بازنه‌كان شه‌ڕ بوو
K24 – هه‌ولێر:
به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، خه‌سرۆ گۆران، رایگه‌یاند، شه‌ڕی گه‌وره‌مان له‌سه‌ر پرسی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له پارێزگای كه‌ركووك كردووه و پێویسته هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین، كورد له كه‌ركووك (50 + 1) له‌ده‌ست نه‌دات.
شه‌وی رابردوو، له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق مشتومڕی چڕ له باره‌ی چاره‌نووسی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران له كه‌ركووك كرا.
لایه‌نه‌كانی به‌شداربوو له پرۆسه‌ی گفتوگۆكان، ململانێ‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو، كامه بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن كورسی زیاتری به‌ركه‌وێت.
پارێزگای كه‌ركووك، له كۆی (329) كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، (12) كورسی بۆ ته‌رخانكراوه.
بڕیاره له (6ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021)، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له پارێزگاكاندا پرسی یاسای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی له عێراق یه‌كلا كرده‌وه.
"خه‌سرۆ گۆران" له باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركووك و مووسڵ كرا، پێی وایه، هه‌وڵێك بووه بۆ "سته‌م كردن له كورد".
ئه‌و بڕوای وابوو، لایه‌نه عێراقییه‌كان له‌و دوو پارێزگایه هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه، "قه‌باره‌ی كورد كه‌مبكه‌نه‌وه".
له دانیشتنی نوێنه‌راندا، لایه‌نه‌كانی سه‌ر به به‌ره‌ی توركمانی له كه‌ركووك دژی كورد وه‌ستانه‌وه و داوایان ده‌كرد، زۆرترین كورسی بۆ ناوه‌ندی كه‌ركووك بێت و سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچه كوردنشینانه‌ی له كه‌ركووك هه‌ن، ته‌نیا (4) كورسییان بۆ ته‌رخان بكرێت.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" خستییه‌ڕوو، توركمانه‌كان په‌ڵپی ئه‌وه‌یان گرتووه، ده‌بێت ناوچه كوردنشینه‌كان ته‌نیا (4) كورسییان بۆ ته‌رخانبكرێت. ناوه‌ڕاستی كه‌ركووك (5) كورسی و باشوور و رۆژئاوای كه‌ركووك، كه "حه‌ویجه و ریاز" ده‌گرێته‌وه، (3) كورسییان بۆ ته‌رخانبكرێت.
پێشتر نوێنه‌رانی كورد، داوایان له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كردبوو، پرسی بازنه‌كانی كه‌ركووك، رۆژی سێشه‌ممه له‌گه‌ڵ پرسی بازنه‌كانی نه‌ینه‌وا یه‌كلا نه‌كاته‌وه و دوای بخات.
دانیشتنه‌كه دواخرا بۆ رۆژی چوارشه‌ممه (28ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، له‌و دانیشتنه‌دا گفتوگۆكان درێژه‌یان كێشا بۆ به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه و دوای شه‌ڕێكی سیاسی و یاسایی ورد توانرا لایه‌نه‌كان رازی بكرێن، ناوچه كوردنشینه‌كان (5) كورسیان بۆ ته‌رخان بكرێت.
به گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتن و ئه‌نجامه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر درا، ته‌واوی ناوچه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركووك له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كانی ناو شار ده‌كرێنه یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و (5) كورسیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت. هه‌رچی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی كه‌ركووكه، كه سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تێدان، (4) كورسییان بۆ ته‌رخانكراوه و ئه‌و (3) كورسییه‌ی ده‌مێنێته‌وه تایبه‌ت كراون به ناوچه عه‌ره‌بییه‌كانی حه‌ویجه و ریاز له باشووری خۆرئاوای كه‌ركووك.
كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا، به‌رده‌وام زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای خۆجێی مسۆگه‌ر كردووه.
دوای رووداوه‌كانی (16ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2017) و ئه‌و ره‌وشه ئه‌منی و ئیداری و سیاسییه‌ی له سنووری پارێزگاكه درووست بووه، مه‌ترسی له‌سه‌ر په‌رش و بڵاوی ده‌نگه‌كانی كورد له سنووری كه‌ركووك هه‌یه.
له هه‌ڵبژاردنی رابردوودا بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا (31) لایه‌نی كوردیی به هاوبه‌شی لیستێكیان درووست كردبوو.
له سه‌رووبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا وێڕای بوونی ناكۆكی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، به‌ڵام بۆ پاراستنی ناسنامه‌ی كه‌ركووك و پێگه‌ی كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له شاره‌كه، لایه‌نه كوردییه‌كان تا راده‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ماهه‌نگیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌ك لیست به‌شداری له پرۆسه‌كه بكه‌ن.
"خه‌سرۆ گۆران" ئه‌و ئۆرگانه‌ی حزبه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌بات، كه تایبه‌ته به پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌ندازیاری سه‌رخستنی حزبه‌كه‌یه‌تی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و پێی وایه، پێویسته پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه كوردییه‌كانی دیكه به‌یه‌كه‌وه "ستراتیژێكی چڕوپڕی نه‌ته‌وه‌ییانه و كوردستانیانه" دابڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن، وه‌ك خۆی گوتی: "نه‌ك هه‌ر پێنج كورسی بازنه‌ی ناوچه كوردییه‌كان به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵكو كار بۆ ئه‌وه بكه‌ن له ناوه‌ڕاستی كه‌ركووكیش، له بازنه‌ی هه‌مووان، (2) كورسی دیكه بۆ كورد مسۆگه‌ر بكه‌ن". جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌و دوو كورسییه بۆ كورد گرنگ ده‌بن، چونكه پارێزگاری له سه‌نگی كورد له پارێزگاكه ده‌كه‌ن و پارسه‌نگی هێز به تای كورددا ده‌خه‌ن.