سامەرا.. شارێکی مێژووی و خاڵیی لە خزمەتگوزاری

 کۆنترین شاری عێراق کە پێشتر پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی بوو بچووکترین خزمەتگوزاری تێدا نییەو هاووڵاتیان خەون بە پرۆژە و ڕێگاوبان و ئاوەڕۆوە دەبینن، لەکاتێکدا گەورەترین پارە و بوودجەی بۆ خەرجکراوە دیار نەماوە.

قەیس لە شەقامیی عەربووشی سامەرا کاسبکارە و ڕۆژانە پێنج جار تۆز و خۆڵی پێش دووکانەکەی دەماڵێت کە بەهۆی پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆی تەواو نەکراو پیس دەبێت.

قەیس ماجید، کاسبکار بە کوردستان24 دەڵێت: تەواوکردنی ئاوەڕۆی سامەرا بووەتە خەونێک بۆ هاووڵاتیان و دەڵێت: ئێرە شەقامێکی زۆر ستراتیجیە، لە مێژوودا نەبووە ئاوەڕۆ بەمشێوەیە دروست بکرێت، خۆی چییە بۆڕییەکە شۆڕی دەکەیتەوە و دایدەپۆشی و خواحافیز.

زیاترلە پێنج ساڵە بڕیاری دروستکردنی ئاوەڕۆی شارەکە دراوە و ڕێژەی کارکردن نەگەیشتۆتە سەدا پێنج، یەک ئامێری هەڵکەندن و چەند کرێکارێک لەپڕۆژەکە کاردەکەن، هاووڵاتیانی ئێرە دەڵین سامەرا چیتر جێگای سەرسورمان نییە. 

عەبدولجەبار حەسەن. هاووڵاتیی دەڵێت: کۆنترین شاری جیهانە و لەبری ئەوەی بەبینینی دڵخۆش بین، دڵتەنگ دەبین، کوێی ئێرە دڵخۆشت دەکات؟ کوێی ئێرە جوانە؟ خەڵکی سامەرا ماوەی پێنج ساڵە خۆڵ هەڵدەمژێت، بەلای کەمەوە پێنج ساڵی دیکەش دەبێت خۆڵ هەڵمژێت، لەوانەیە نەوەکانی داهاتوومان ئاوەرۆ و شەقامی قیرکراو ببینن لەوانەشە خراپتر ببینن، ئەوەی دەیبنن جوانترین شەقامی سامەرایە، بەس جوانییەکەی لەکوێدایە؟ جگەلەوەی بڵێین اناللەواناالیە راجعون هیچی دیکە ناتوانین بڵێین.

ئەبو عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەکی دیکەی سامەرایە دەڵێت: زستان لە دەرگایەو پێشبینی بکە قوتابیان لەم ڕێگایەوە چۆن دەتوانن هاتوچۆ بکەن؟ ئەگەر چەند ڕۆژێک باران ببارێت ئەبێت حاڵی خەڵک لەم شەقامە چۆن بێت؟

حەمەد ئیسماعیل، هاووڵاتیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەڵڵا ئاو و کارەبامان هیچ باش نییە، خاوەن موەلیدەش بۆ دوو ئەمپێر کارەبا 40 هەزار دینار وەردەگرێت و کرێکاریشم خوا قبووڵ ناکات.

ئەمشارە ڕووباری دیجلە بەناویدا تێپەڕدەبێت و کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە، خاوەن وێستگەی کارەبایە و کێشەی کارەبای هەیە، گەورەترین کارگەی دەرمانی لێیە و نەخۆشخانەکانی بێ دەرمانن، نەوت و سەروەت و سامانێکی خەیاڵی هەیە و سەرەتاییترین خزمەتگوزاری لێنییە.

محەممەد موختار، چالاکوان لە سامەرا دەڵێت: چەندان ملیار دینار لە ساڵانی ڕابردوو بۆ سامەرا خەرجکراوە کە لەمێژوودا شتی وا ڕووینەداوە، پرۆژەکانیش مەرەکەبی سەر کاغەزن و هیچ شتیک جێبەجێ نەکراوە، کێشەی ئاومان هەیە، کێشەی کارەبا و نەخۆشخانەمان هەیە، ئایا دەزانن سامەرا و دەورووبەری تەنیا یەک نەخۆشخانەمان هەیە کە 50 ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە و ئێستا زۆر وێرانە، 15 ساڵە خەریکی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکن تا ئێستا تەواو نەکراوە.

ئێرە پێشتر پایتەختی دەوڵەتی عەباسی و پایتەختی شارستانییەتی ئیسلامی بوو، بەهۆی بوونی دەیان شوێنەوار کە گرنگترینیان مەلویەیە، ڕێکخراوی یونسکۆ دانی پێداناوە و لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی هەژمار کردووە و داهاتێکی زۆری گەشتیاریشی هەیە.

دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بەدیاریکراوی بۆ ئەم شوێنە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی مۆزەخانەیەک، 12 ساڵ تێپەڕیوە جگە لەم چاڵە هیچ ئیشێکی دیکەی تێدانەکراوە، خەڵکی سامەرا دەڵین چاڵێک زیاتر لە دوو ملیار لەسەرمان کەوتووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment