فارس عیسا بۆ کوردستان24: ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی هەشت دەنێردرێت

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵ هیچ گرفت و بەربەستێکی دیکە دروست نەکات، لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی ئابی 2025ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2025، لە میانی هەڵمەتی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، فارس عیسا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ی گوت: بەداخەوە لە عێراق مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پرسی مووچە و شایستە داراییەکانیان کردووەتە چەکێک و دژی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن.
گوتیشی: بەهۆی ئەو عەقڵیەتەی هەژموونی بەسەر عێراقدا سەپاندووە و دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پێویستە لە بەغدا بەهێزتر بین.
هەروەها ئاماژەیدا، ئەو ئەرکانەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بوون، لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، بابەتی هەژماری من هەمووی جێبەجێکردووە، هەرچەندە سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درابوو، بەڵام بەداخەوە بە پاساوی بوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی دوایانخست، لە کاتێکدا هیچ کێشەیەک لە ئارا نەبوو، بۆیە پێشبینی دەکەم لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی ئاب ڕەوانە بکرێت.