ئێران لە گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ بنکەی باگرامی ئەفغانستان نیگەرانە

گەڕانەوەی سەربازانی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان، بە تایبەت بۆ بنکەی ئاسمانی باگرام لە باکووری کابولی پایتەخت و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بووەتە جێی نیگەرانی بۆ هەر یەک لە ئێران و ڕووسیا و چین، بە تایبەت تاران ترسی لەوە هەیە سنووری ڕۆژهەڵات و ئاسمانی وڵاتەکەی بە تەواوی بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا.
پێگەی هەواڵی ناشنال ئینتەرست، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "ئەگەر تاڵیبان بنکەی باگرام ڕادەستی سوپای ئەمەریکا بکاتەوە، ئەوە گەڕانەوەیی سەربازانی ئەمەریکا نیشانەی ویستی واشنتنە بۆ ڕابردوو یان وەرگرتنی ڕۆڵێکی نوێیە لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای ئەمەریکا لە تەممووزی 2021، بنکەی باگرامی چۆڵ کرد و مانگێک دواتر، تاڵیبان جاریکی دیکە گەڕایەوە دەسەڵات و کۆنترۆڵێ ئەفغانستانی کردەوە."
ستراتیجییەتی بنکەی ئاسمانی باگرام و مەترسییەکانی بۆ سەر ئێران و چین
گرنگی بنکەی باگرام لە پێگە جوگرافییەکەیدایە، دەکەوێتە دووری هەزار و 600 کیلۆمەتری تاران و تەنیا 643 کیلۆمەتر لە پارێزگای 'سین کیانگ'ـی چین و کەمتر لە هەزار 287 کیلۆمەتر لە بەندەری ستراتیجیی گوادری پاکستانەوە دوورە. لێرەوە، ئەمەریکا دەتوانێت بنکەیەکی بێهاوتای لە ناوجەرگەی ئاسیادا هەبێت، لە لایەکەوە چاودێریی فراوانخوازییە سەربازییەکانی ئێران و لە لایەکی دیکەوە چاودێریی فراوانبوونی هەژموونی ئابووری و ئەمنیی چین بکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ناشنال ئینتەرست، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ گەڕانەوەی بنکەی باگرام ئەوە نیشان دەدات کە ئەفغانستان چیتر تەنیا بەشێک نییە لە ستراتیجیی دژە تیرۆری ئەمەریکا، بەڵکو بووەتە گۆڕەپانی سەرەکیی کێبڕکێی زلهێزەکان.
پێچەوانەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کەنداو، کە بە ئاسانی دەکەونە بەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران یان دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی وڵاتانی خانەخوێ، بنکەی باگرام ئاسایش و سەربەخۆییەکی زیاتری هەیە.
بۆچی ئێران نیگەرانە؟
ئێران لە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ باگرام، بە قووڵی نیگەرانە. تاران هەمیشە سەرنجی خستووەتە سەر بەرگریی لە سنوورەکانی ڕۆژئاوا و کەنداو و وڵاتە عەرەبییە ڕکابەرەکانی و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، لە ڕووی سەربازییەوە تا ڕادەیەکی لاوازن. ناوچەکانی وەک سیستان و بەلوجستان کە هەمیشە نائارام و ژینگەیەکی گونجاو بوونە بۆ گرووپە چەکدارەکانی وەک 'جەیشولعەدل' کە هەمیشە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئێران.
پێش 2021، تاران بوونی ئەمەریکای لە باگرام، تەنیا وەک ناوەندێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریسم و هاوکاریی پێکهێنانی حکوومەتێکی میللیی لە ئەفغانستان دەبینی، نەک پێگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران.
بەڵام ئەمڕۆ، دووبارە گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ باگرام، لە هەلومەرجێکی جیۆپۆلیتیکی تەواو جیاوازدا ڕوو دەدات. گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیاتر بوونە و هاوکاریی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل زۆر گەشەیان کردووە. لەگەڵ چالاکبوونەوەی پێگەی باگرام، درۆن و فڕۆکە چاودێرییەکانی ئەمەریکا بە ئاسانی دەتوانن جووڵە سەربازییەکانی ئێران تا نزیک سنووری ئەفغانستان ڕووماڵ بکەن. باگرام، وا دەکات تاران ناچار ببێت سەرچاوە سەربازییەکانی خۆی دابەش بکات و ستراتیجیی بەرگریی خۆی هەڵبسەنگێنیتەوە. هەرچەند باگرام نابێتە خاڵی سەرەکیی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام تەنیا ئاوەدانکردنەوەی لە لایەن ئەمەریکاوە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران دروست دەکات.
ستراتیجیی نوێی دوولایەنە
لە باگرامەوە، پەرەسەندنی هەر قەیرانێکی ئەتۆمی لە داهاتوودا دەگۆڕدێت. لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکاندا، ئەم بنکەیە سەکۆیەکی ئارام بۆ واشنتن دابین دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، ئۆپەراسیۆنی تایبەت و یەکە ئەلیکترۆنییەکان، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە بنکەکانی کەنداو کار دەکەن؛ ئەو بنکانەی کە لەوانەیە بەهۆی سیاسەتی وڵاتانی کەنداو یان کەوتنە هێرشی مووشەکی ئێران، چالاکیان سنووردار بێت.
ئەم بنکەیە، هەروا هەڕەشە لە پەیوەندییە لەرزۆکەکانی ئێران و تاڵیبان دەکات، کە لە ساڵی 2021 ـەوە ئێران، ڕێککەوتننامەیەکی بەرژەوەندخوازانەی لەگەڵ دەسەڵاتداران تاڵیبان کردووە. ئامادەبوونی دووبارەی ئەمەریکا لە باگرام، ئەو ڕێککەوتننامەیە دەخاتە ژێر فشار و تاڵیبان ناچار دەکات بۆ بەرژەوەندیی خۆی، هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن و تاران، سیاسەتی خۆی دابڕێژێت.
ئەمەریکا هەر لە باگرامەوە، دەتوانیت هاوکارییە ڕوو بە گەشەسەندنەکانی تاران و پەکین، چاودێریی بکات. ڕێککەوتننامەی 25 ساڵەی ئێران و چین کە لە ساڵی 2021 مۆر کراوە، زیاتر وەک نەخشەیەک بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ئەمنیی وەسف دەکرێت، بەڵام زۆر لە وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ناڕوونن یان ئاشکرا نەکراون.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمەریکا دەتوانێت هەر لە باگرامەوە هاوکارییەکانی چین بۆ ئەوەی ئێران خۆی لە سزا و گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدزێتەوە، کۆنترۆڵ بکات و ئەگەر پێویست بکات، ڕێگرییان لێ بکات.
بە کورتییەکەی، بنکەی باگرام، بەرەیەکی نوێی دژ بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتەوە دروست دەکات و تاران ناچار دەکات پێداچوونەوە بە ستراتیجیی ئەمنیی خۆیدا بکات.