شاندی ئیمراڵی: قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی کۆتایی هات
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی چووەتە قۆناغێکی نوێوە و بەشی یەکەمی پرۆسەکە کۆتایی هاتووە، جەختیش دەکەنەوە کە ئێستا کاتی دانانی زەمینەی یاسایی و دەرکردنی یاسایە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی دەڤا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: گەیشتووینەتە قۆناغێکی نوێ و دەتوانین بڵێین قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە کۆتایی هاتووە. ئەوەی پێویست بوو بۆ قۆناغی یەکەم ئەنجام درا، بەتایبەتی دوای ئەوەی شاندێکی کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمرالیییان کرد و کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجام دا.
بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد قۆناغی داهاتوو هەستیارە و پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە، گوتیشی: ئێستا قۆناغی ڕەخساندنی زەمینەی یاساییە بۆ پرۆسەکە. بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستمان بە یاسای ئاشتی و چاکسازیی یاسایی هەیە و دەبێت بە خێرایی هەنگاو بۆ ئەم مەبەستە بنرێت.
شاندی ئیمراڵی ئاشکرای کرد دیدار و کۆبوونەوەکانیان بەردەوامی دەبێت و لە بەرنامەیاندایە لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببنەوە.
هەروەها عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) لەدوای پێشوازیکردنی لە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ شاندەکە بیر و ڕایان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ئاڵوگۆڕ کرد و تاوتوێی قۆناغی داهاتوو، مەترسییەکان و هەنگاوە گرنگەکانی پێویست بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە کردووە.
باسی لەوەش کرد لەقۆناغێکی گرنگ و هەستیاری پرۆسەکەدان و پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارییەتیەوە مامەڵە بکەن.
