لافاو لە کەرکووک زیانی بە 60 ماڵ گەیاندووە

بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی بەهێز و دروستبوونی لافاو، نزیکەی 60 ماڵ لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووک زیانیان بەرکەوتووە و زۆربەی دانیشتووانی ئەو ماڵانەش ناچاربوون شوێنەکانیان جێبهێڵن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لە قۆناغی یەکەمدا هەڵمەتی پاککردنەوەی ماڵەکان لە قوڕ و لیتاو دەستیپێکردووە.

شێرزاد مەجید، سەرۆکی تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە کەرکووک بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: تیمەکانمان لە شوێنی زیانلێکەوتووانن و ماڵەکانیان بۆ پاک دەکەنەوە. قۆناغی دوای پاککردنەوە بریتییە لە گەیاندنی هاوکارییەکان.

سەبارەت بە دابەشکردنی هاوکارییەکان، بەرپرسەکەی تیمەکە ئاماژەی بەوە دا: تەواوی هاوکارییەکان ئامادەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ماڵەکانیان جێهێشتووە، لەسەر داوای خۆیان جارێکی دابەشکردنەکەمان دواخستووە تا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە یان ئامادە دەبن."

هاوکات هاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی گەڕەکی شۆراو داواکارن بە زووترین کات ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی لەو دۆخە سەختەی تێیکەوتوون ڕزگاریان ببێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل