میدیاکان: ئۆکرانیا ساڵی 2027 دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی پرۆژە پێشنیازێکی نوێی ئاشتی کە لەلایەن برۆکسل و واشنتنەوە پشتیوانی دەکرێت، پێشبینی دەکرێت ئۆکرانیا لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2027ـەوە ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا.
ئەم پلانە کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیا و یەکێتیی ئەورووپاوە ئاڕاستەی واشنتن کراوە، ئامانجی سەرەکی لێی پووچەڵکردنەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو پێشنیازانەی پێشووی ئەمەریکایە کە وا لێکدەدرانەوە دەبنە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ڕووسیا.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئێستا بابەتی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2027دا، وەک بەشێک لە پلانی ئاشتیی ئەمەریکا جێگەی کراوەتەوە و تاوتوێ دەکرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی ڕاگەیاندووە، بەپێی نوێترین پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا، ئۆکرانیا دەتوانێت لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2027ەوە ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا.
ئەم پێشنیازە بەشێکە لە دواین ڤێرژنی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە بەپێی پلانەکە لە بەرانبەردا دەبێت ئۆکرانیا دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی ببێت بۆ ڕووسیا؛ ئەمەش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا جموجۆڵێکی دیپلۆماسیی چڕی لە ئەورووپا دروستکردووە.
سەرچاوە باڵاکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: بابەتەکە لە پلانەکەدا هاتووە، بەڵام جێگەی گفتوگۆیە و ئەمەریکییەکان پشتیوانی لێ دەکەن.
پرۆسەی بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و بە زۆری چەندین ساڵ دەخایەنێت، هەروەها پێویستی بە دەنگی بەڵێی سەرجەم 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتییەکە هەیە، لەکاتێکدا هەندێک وڵات و بەتایبەتی هەنگاریا بەردەوام دژایەتی خۆیان بۆ ئەندامبوونی ئۆکرانیا دەربڕیوە.
لەم بارەیەوە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، واشنتن ئەو کارتە فشارانەی بەدەستەوەیە کە پێویستن بۆ قەناعەتپێکردنی ئەو سەرکردانەی دژایەتی ئەندامبوونی ئۆکرانیا دەکەن تا هەڵوێستیان بگۆڕن.
زێلێنسکی گوتی: ئەمەریکا دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی ئێمە بۆ یەکێتیی ئەورووپا. سەرۆکی ئەمەریکا کارتی فشاری جۆراوجۆری هەیە و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوانەی ئێستا ڕێگری لە ئۆکرانیا دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرکردەکانی ڕووسیا چەندین جار دووپاتییان کردووەتەوە، مەرجی ئەوان بۆ ئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکانە لە بنەڕەتەوە، هاوکات نابێت سازش لەسەر ئەو پرسانە بکرێت کە بوونەتە بۆ ڕوودانی ئەو جەنگە، ئەوان بە هەموو شێوەیەک ئەندام بوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ ڕەت دەکەنەوە.
هەروەها یەکێکی دیکە لە پرسە مشتومڕەکان بابەتی دەستبەرداربوونی خاکە لە لایەن ئۆکرانیاوە، کە دۆناڵد ترەمپ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، دەبێت سەرکردەکانی کیێڤ لە هەندێک بەشیخۆیان خۆشببن، هەروەها ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوە داوە، لە ناوچانەی کۆنترۆڵیان کردوون، بە هیچ شێوەیەک پاشکەشکە ناکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەدەن و هانی ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەدەن، لە شەڕکردن بەردەوامبێت.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش، هەڵسوکەوتی وڵاتانی ئەورووپای بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی لە قەڵەمدا و گوتیشی: هەڵسوکەوتی ناتۆ و وڵاتانی ئەورووپا هەڕەشەیە بۆسەر ڕووسیا و پابەندین بە وەڵامدانەوەیان.
