میدیای ئیسرائیل: ناتانیاهۆ بە دوای دەستکەوتێکی دیپلۆماسی دەگەڕێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبژێرێتەوە

میدیایەکی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەیەوێت هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی پێش بخات، هاوکات لە دەستکەوتێکی دیپلۆماسی دەگەڕێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیر کردنی هەیە و لە نێوخۆشدا دهنگی ناڕەزایەتی تا دێت له دژی زیاتر دهبێت.
شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەزگای پەخشی گشتی KAN ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بیر لە پێشخستنی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکەی دەکاتەوە، کە بڕیارە لە 3ـی تشرینی دووەمی 2026 بکرێت، بەڵام ناتانیاهۆ دەیەوێت لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.
بەپێی زانیارییهكانی KAN، ناتانیاهۆ بە دوای دەستکەوتێکی دیپلۆماسیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی دووبارە خۆی هەڵبژێرێتەوە و سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
به گوێرهی یاسای ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی وڵات دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، بە مەرجێک بڕیارەکە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پەسەند بکرێت.
پێشتر ناتانیاهۆ دانی بە ناکۆکییه نێوخۆییەکانی وڵاتهكهیدا نا بوو و ئاماژەی بەوە کردبوو، هەر چەندە لە نێوخۆدا ناکۆکی هەیە، بەڵام نابێت ئەو ناکۆکییانە ببنە ئاستەنگ لە بەردەم سەرکەوتنەکان؛ ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیران دوای ئاگربەستەکەی لەگەڵ حەماس دێت.
هەروەها هەفتەی ڕابردوو، کاتێک ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی بۆ خانەوادەی بارمتەکانی دەکرد و ستایشی ناتانیاهۆی دەکرد، کەسوکاری بارمتەکان دروشمییان لە دژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەگووتەوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2024، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی و دژی مرۆڤایەتی لە غەززە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەو وڵاتە دەرکرد.