لە شاری بۆکان، 25مین فێستیڤاڵی هەڵفڕینی کۆلارە بەڕێوەچوو
ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە پێنج هەزار کەس بە 800 بۆ 900 کۆلارە لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بشداریی لەم فێستیڤاڵە دەکەن، لێژنەیەک لە بەشداربووان بۆ بڕیاردان لە سەر کۆلارەکان دروست کراوە، چۆنییەتی کێشانی وێنەی سەر کۆلارەکە و ئاستی هەڵفڕینکەی بڕیاری لە سەر دەدرێت و باشترینەکان خەڵات دەکرێن.
لەمبارەیەوە ئارەش ناسری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت: لەم فێستیڤاڵەدا ئێمە چەند دادوەرێکمان هەیە، کاری ئەوان دیاری کردنی ئاستی فڕینی کۆلارەکان و کاتی مانەوەی کۆلارەکانە لە ئاسمان، هەروەها وێنە و نەخشی سەر کۆلارەکانیش بە هەمان شێوە گرنگن بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاری دادوەرەکان، لە کۆتایی ئەم فێستیڤاڵەشدا ئەوانەی سەرکەوتوو بوون خەڵاتیان پێ دەدەین.
بە گوتەی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکەم بەشداری و پشتگیری بەردەوامی خەڵک، بووە بە هۆکاری ئەوەی لە سەر ئاستی ئێران تۆماربکرێت و پێشبینی دەکەن ساڵی داهاتوو بگاتە ئاستی جیهانی، بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە سەرباری ئەوەی کەشێکی شادی بۆ بەشداربووان دروست دەکات، لاوان و گەنجان هان دەدات، چالاک بن و بتوانن هونەرەکانی خۆیان نمایش بکەن وەک بەشداربووانیش دەڵێن فێستیڤاڵەکە، وایان لێ دەکات لە سۆشیالمیدیا دوور کەونەوە.
ڕەحمان خزریان، یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەیە، دەڵێت: ئەمڕۆ هاتووین بۆ ئێرە، کەشێکی خۆشی هەیە و وەکو جەژن وایە، نزیکەی چوار کاتژمێرە لێرەین، ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە لە دونیای سۆشیالمیدیا دوورین، لەگەڵ خانەوادەکەم دوای نیوەڕۆیەکی زۆر خۆشمان بەڕێکرد.
ڕێوڕەسمەکە لەسەر کێوی ناڵەشکێنە، کە بە بەرزایی هەزار و 565 مەتر لەسەر ئاستی دەریا هەڵکەوتووە لە ڕۆژهەڵاتی شاری بۆکان بەرێوەچوو، وەک بەڕێوبەرانی فێستیڤاڵەکەش دەڵێن بەهۆی بەرزایی و بەناوبەنگیی کێوەکەوە، ئەو شوێنەیان بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە هەڵبژاردووە. شاری بۆکان بە شاری کولتوور و هونەر و چالاکییە مەدەنییەکان ناسراوە.