پیسبوونی هەوا گەشەی مێشکی منداڵی ساوا سست دەکات

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە، پیسبوونی هەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئافرەتانی دووگیان هەیە و پرۆسەی بەرەوپێشچوونی مێشکی کۆرپەلە سست دەکات.
توێژینەوەیەکی نوێ، بە هاوبەشی لە نێوان نەخۆشخانەی دێل مار و پەیمانگەی بەرشلۆنە بۆ تەندروستی جیهانی و سەنتەری توێژینەوەی پەتایی و تەندروستی گشتی، ئەنجامدراوە و ئاشکرا کراوە، پیسبوونی هەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی منداڵانی ساوا هەیە.
توێژینەوەکە دەریدەخات، کاتێک دایکان لە کاتی دووگیانیدا بەر ئاستی بەرزی دەنکۆڵە وردەکانی هەوا (PM2.5) دەکەون، دەبێتە هۆی سستبوونی پرۆسەی (Myelination) لە مێشکی کۆرپەکانیاندا کە بریتییە لە زیندە کردارێک بۆ ڕووپۆشکردنی دەمارە گەیێنەرەکانی مێشک بە ماددەی مایەڵین بۆ باشترکردنی پرۆسەی گەیاندنی زانیارییەکان.
توێژینەوەکە یەکەمین توێژینەوەیە کە بە شێوەیەکی تایبەت سەرنج بخاتە سەر شیکردنەوەی گەشەی مێشکی منداڵی ساوا لە ماوەی مانگی یەکەمی هاتنە ژیانیدا.
هەروەها توێژەران هۆشداریی دەدەن، هەر جۆرە تێکچوونێک لە پرۆسەی پێگەیشتنی مێشکدا، وەک سستبوونێکی زۆر یان خێراکردنێکی نائاسایی، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی هەبێت لەسەر تەندروستی دەمار و توانای تێگەیشتنی منداڵان لە قۆناغەکانی داهاتووی ژیانیاندا.
جێرارد مارتینێز ڤیلاڤیلا، توێژەر لە نەخۆشخانەی دێل مار، جەختی کردەوە: "لێکۆڵینەوەکەمان بە شێوەیەکی ڕوون دەریدەخات کە پرۆسەی (Myelination)، پێوەرێکی گرنگە بۆ پێگەیشتنی مێشک، بە شێوازێکی خاوتر دەڕوات لەو منداڵە ساوایانەی کە لە کاتی دووگیانیدا زیاتر بەر پیسبوونی هەوا کەوتوون."
ئەم دەنکۆڵە بچووکانە لە ڕادەبەدەر بچووکن، تیرەکەیان نزیکەی 30 هێندەی ئەستووری قژی مرۆڤ باریکترە، پێکدێن لە تێکەڵەیەک لە توخمە زیانبەخشەکان کە لە ئەنجامی سووتانەوە و پێکهاتە زیندەییە ژەهراویەکانەوە دروست دەبن، لەگەڵ توخمە سەرەکییەکانی وەک ئاسن و مس و زینک کە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە گەشەکردنی مێشکدا.
لێکۆڵینەوەکە بە پشت بەستن بە پشکنینی تیشکی موگناتیسی (MRI) بۆ 123 منداڵی ساوا، پەیوەندییەکی ڕوونی نێوان بەرزبوونەوەی ئاستی PM2.5 لە کاتی دووگیانیدا و کەمبوونەوەی مایەڵین لە مێشکی کۆرپەلەدا دەرخستووە.
جۆردی سۆنیەر، توێژەر لە پەیمانگەی بەرشەلۆنە بۆ تەندروستی جیهانی، ڕایگەیاند: "ئەم ئەنجامانە وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە وایە، پێویستە هەوڵەکانمان دوو هێندە بکەین بۆ باشترکردنی کوالێتی هەوا لە شارەکانماندا، بە تایبەت لەبەر ئەوەی ڕێکارەکانی ئێستا بەس نین بۆ گەیشتن بە پێوەرە داواکراوەکان."
گرنگی لێکۆڵینەوەکە لەوەدایە کە ئاسۆیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی نێوان ئافرەتی دوو گیان و وێڵاش وەکوو هێڵێکی بەرگری سروشتی، و جەخت لەسەر پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوونی هەوا بۆ پاراستنی تەندروستی نەوەکانی داهاتوو دەکاتەوە.
لێکۆڵینەوەکە ئاسۆی نوێ دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە شێوازی پێگەیشتنی مێشک لە کاتی دووگیانیدا، و ڕۆڵی دایک و وێڵاش (پلاسنتا) وەک هێڵی بەرگری سروشتی بۆ پاراستنی گەشەی دەماری کۆرپەلە دەردەخات و هەروەها جەخت لەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی پیسبوونی هەوا بۆ پاراستنی تەندروستی نەوەکانی داهاتوو دەکاتەوە.